هیوا مستەفا*
ئێستا کە رانیە ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە، وەک پاریزگا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هەڵکەوتەیەکی جوانی هەیە و بەچیاکانی کێوەڕەش و حاجیلە و ئاسۆس دەورە دراوە، پانتایەکی فراوانی هەیە بۆ گەشتیاران و سەرنجڕاکێشە.
لە نزیک زێی بچووک، سەرچاوەی ئاو و کانیاوی زۆرە و دانیشتوانێکی میواندۆست و دڵسۆزی تیدایە. بەڵام ئەگەر گەشتیارێک بێتە ئەم شارەوە ئەوکاتە هەست دەکەیت کە شارەکە چەندە بێنازە و چەندە کەموکووڕیی زۆرە!.
بەڵگەمان بۆ ئەوە:
- هیچ ناونیشان و تابلۆ و هێمایەک لە شەقام و گەڕەکەکانیدا بەدی ناکرێت، ئەمە دەکرێت بۆ داهاتوو بخرێتە بەرنامەوە و بە دیزاینێکی جوان کاری جدی لەسەر بکرێت.
– لە رانیە و سنوورەکەدا هیچ هۆتێل و مۆتێل و یانەیەکی شەوانە و شوێنی حەوانەوەی میوانی تێدا نییە، بە مەرجیک ساڵانە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کەلتورە جیاوازەکانی تێدا دەکرێت، کە بە دەیان میوان و هونەرمەند لە دەرەوەی وڵات و ناوەوەی هەرێمی کوردستانەوە تیایدا بەشدارن و بۆ ئەم چالاکییە روو لـــە شارەکە دەکەن، هەموو جارێک گرفتی زۆر بۆ میوانەکان دروست دەبێت و بە ناچاری میوانەکان دەگوازرێنەوە بۆ کۆیە و دوکان یان یەکێک لە باخەکانی هاووڵاتیانی سنوورەکە!.
- لە رابردوودا چەندین یانە و باڕ و ریستۆرانتی شەوانە هەبوون، بەڵام ئێستا سەرجەمیان داخراون یان نەماون و هیچ شوێنێک نییە میوان و خەڵکی ئەم شارە بۆ پشوودان کاتەکانیانی تێدا بەرنەسەر.
-بەداخەوە نەمانتوانیوە سوود لە سەرچاوەی ئاوی قولە وەربگرین بۆ گەشتوگوزار کە ئێستا دەوروبەری ئەم سروشتە جوانە هەمووی بووەتە خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون و سیمای قولەی رەنگینیان تێکداوە، بۆیە دەڵێم ئێستاش درەنگ نییە دەكرێت بۆ گەشتوگوزار سوود لە سەرچاوەی ئاوی قولە و ئاوی گەناو و بەرزایی گڵەزەردی بەرامبەر دەربەندی رانیە وەربگرین و بە دیزانیكی جوان لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە بكرێتە شوێنێکی گەشتیاری و كۆڕنیشێكی لەسەر دروستبكریت و هۆتیل و مۆتیل و ریستۆرانتی تیدا بنیاتبنرێت، کە دەکرێت هەر لەویشدا پەیكەری رووناكبیرە دیارەکانی ئەم شارەی لێ دروستبكرێت تا لەوێوە میوانان و گەشتیاران ئاشنای كەلتور و هونەری زیاتری ناوچەکە ببن و ببێتە ناوەندێکی گەشتیاری و ئابووریی گرنگ بۆ شارەكە.
-بواری رووناکبیریی و هونەریی، فاكتەرێكی گرنگە لە بەرەوپێشبردنی هۆشیاریی هەر كۆمەڵگەیەك، هاوکات زمانحاڵی جۆری بیركردنەوە و ئامانجە دیاریكراوەكانی هەر نەتەوەیەكیشە و لە دەڤەرەكەی ئێمەدا توانا و وزەیەکی باشی بواری رووناکبیری و هونەریی هەن، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی هۆڵ و مۆزەخانە و گەلەرییەوە بۆ نمایشی كارە کەلتورییەکان، وایکردووە چالاكییە رووناکبیرییەکانیش لە ئاستی پێویستدا نەبن و تا سوود لە تواناكان وەربگرین.
-پیشنیازدەكەین كۆنفرانسێك بە هاوكاریی ئیدارە و زانكۆ و گەشتوگوزار رێكبخرێت کە كەسانی ئەكادیمی و پسپۆڕ لەبواری دیزاندا سەرپەرشتی بکەن و هونەرمەندان و رووناکبیران و ئەندازیارانی پسپۆڕ بانگهێشت بكرێن، تا دەرەنجام پاكێجێك ئامادەبکرێت و بخرێتە بەدەست لایەنە پەیوەندیدارەکان، تا گرنگی زیاتر بدرێت بە فێستیڤاڵی كەلتورە جیاوازەكان جگە لە بایەخی هونەری و كەلتوری، دیوێكی دیكەی گرنگیی ئەو چالاكییانە، رووە گەشتیارییەكەیەتی كە شارێكی وەكو رانیە بەو جۆرە فێستیڤاڵانە لە رووی گەشتیارییەوە زیاتر دەبوژێتەوە و لە جیهانیشدا باشتر دەناسرێت، لەبەرئەوەی ژیرخانە رووناکبیریی و هونەرییەکە پتەو و ئامادەیە، ئەمە ئەركی هونەرمەندان و رووناکبیران و ئەدیبان و بەرپرسانی دیکەی ئەم شارەیە، کە بەرێوەبردن و سەرخستنی لە ئەستۆ بگرن.
ئیستاش درەنگ نییە بۆ دەستپێكی كاری باش، هیوادارین سەرنج و پیشنیازەكان بەهەند وەربگرین و كاری جدییان لەسەر بكریت کە بێگومان بۆ گەشەپێدانی زیاتری دەڤەرەكە سودی گەورەیان دەبێ.
*بەڕێوبەری گشتیی ڕۆشنبیریی و
هونەریی ڕاپەڕین