راپۆرتى: چۆمان شەوکەت
چەند مانگێک لەمەوپێش حەوت گەنجی کوردستان کە شەشیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون، ویستبوویان لەڕێگەی لیبیاوە گەشتی بێ گەڕانەوەی ئەوروپا بکەن لە لیبیا دەستگیرکرابوون.
لەدوای گەیشتنی زانیاری لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە، فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، کەوتە سۆراخکردنیان و لە رێگەی باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا هەوڵەکانی خۆیان بۆ ئازادکردنی ئەو گەنجانە چڕکردەوە تا سەرەنجام توانرا ئازاد بکرێن.
لەو بارەیەوە «بەدریە حسێن» پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە کوردستانی نوێ-ی راپەڕینی راگەیاندووە: توانرا هەر «7» هاووڵاتییەکە کە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی لیبیاوە دەستگیرکرابوون. ئازادبکرێن.
ئەو خانمە پەرلەمانتارە وتیشی؛ لە چوارقوڕنە سەردانی ئەو بنەماڵانەمان کرد و وەک بەڵێنمان پێدابوون تا ئەو کاتەی دەیانگەڕێنینەوە ئێرە بە سەلامەتی لەگەڵیاندا دەبین، بۆیە بەڵێنەکەمان بردەسەر و ئێستا هەمویان گەڕێنراونەتەوە ناو خانەوادەکانیان.
ئەو پەرلەمانتارەی عیراق سوپاسی باڵیۆزی عیراقیشی کرد کە لە لیبیا زۆر هاوکاریان بووە، چونکە سەرەتا لەژێر دەستی میلیشیاکاندا بوون و ژیانیان لەمەترسیدا بوو.
وتیشی؛ جەنابی باڵێۆز هەنگاو بەهەنگاو کاری کرد بۆئەوەی بەیەکترییان بگەیەنێتەوە. هەروەک پێزانینی بۆ حکومەتی لیبیاش دەربڕی کە بەڵێنیان دابوو بۆ جەژنی رەمەزان ئەو گەنجانە بنێرنەوە ماڵەکانی خۆیان، خۆشبەختانە دوێنێ بە سەلامەتی و تەندروستییەکی باشەوە گەڕانەوە.
کۆژین حەیدەر کە یەکێکە لەو حەوت گەنجە و «45»رۆژ لە لیبیا دەستبەسەربووە بە کوردستانی نوێ-ی راپەڕینی وت: پێزانینی زۆرم بۆ یەکێتی و فراکسیۆنەکەی هەیە لە پەرلەمانی عیراق چونکە ئەوان توانیان لە چنگی ئەو میلشیایانەی لیبیا رزگارمان بکەن و بۆ جەژن هێنرانەوە ناو کەسوکارمان.
وتیشی؛ لە مەترسییەکی زۆر گەورەدا بووین لە لیبیا، ئەگەر ئەو هەوڵانە نەبونایە، بەجدی ئێمە نەماندەتوانی بێینەوە ناو کەسوکار و خێزانەکانمان.