سەردار عەبدولڕەحمان
بەهار، وەرزی نوێبوونەوەی سروشت و پۆشینی تارای سەوزی ئاوەدانییە، لەم وەرزەدا تۆبۆگرافیای ناوچەی راپەڕین چیا و دۆڵ و دەشت و بنار و لێڕەوار و چەم و زێ و ...هتد» دەبنە تابلۆیەکی مۆزایکی هەمەڕەنگ و سیحرێکی جوانی دڵڕفێن بە ناوچەکە دەبەخشن، قەندیل مەندیلی سپی فڕێ دەدات و خاک تارای سەوز دەپۆشێت.
درەختەکان بەپێوە سەمفۆنیای لەدایکبوون بۆ چڵ و گوڵ و هێلانەی باڵندەکان دەژەنن، دەربەندی رانیە بە بێدەنگی لە کاروانی رۆیشتنی خۆی بەردەوامە و مژدەی هەوری بەهاریی بە گوێچکەدا دەچرپێندرێت، مەل و نەوڕەسەکان لە ئاسمانی بێگەرددا بە ئاوازی پڕ جۆش بانگی بەهاری ئازادی بە گوێچکەماندا دەدەن!
کێوەڕەش هەموو ساڵێک بەخۆشییەوە یادی «پێجی سێ» دەکاتەوە و بروسکەی پیرۆزبایی و چڵە نێرگز بۆ کەرکوکی کوردستان دەنێرێت، هەریەکە لە «دارستانی رانیە و بناری کێوڕەش و بەری سەرسیان و جۆلانان و گردئەستێرە و دۆڵی شەهیدان و دۆڵی شاورێ و خۆشناوەتی» ساڵانە سفرەی رازاوەی بەهارەیان بۆ گەشتیاران ئامادە دەکەن و چاوەڕوانی شایی و گۆبەندی عاشقانن!.
گژوگیای بەهاری پێدەشت و لاپاڵەکان بە ئاوازی بەستە و حەیران کیژ و لاوی ئەویندار مەست و ئاوێزان دەکەن، بەفر و سەرما، بە ساتی ماڵئاوایی خۆیان دەکەن، شەختەکان لە تاوی بەهاری پەلکەزێڕینەدا چەمەکان تەژی دەکەن لە جوانی و کانی و کارێزەکان دەژێننەوە. پۆلی قاز و قوڵینگە کۆچەرییەکانیش سەمفۆنیای شادی دەچڕن!.
تاڤگەکانی «دۆڵی شەهیدان و سولی دەوژان و گڕکان خوێنی دۆڵەڕەقە و تاڤگەی زێوەی خۆشناوەتی» بە ئەسپایی پرچی خۆیان شانە دەکەن و گەواڵە هەورەکان سات نا ساتێک لە هەیەجانی ئەم دیمەنە، فرمێسکی شادی خۆیان بەسەر ئەم مۆزایکەی سروشتدا دەبارێنن!.
گوڵاڵەسوورە و گوڵە هێرۆ و مێلاقە و سەوسەن و گوڵە حاجیلە دەست لەناو دەست تابلۆی سروشتی بەهار دەنەخشێنن. لەولاشەوە قاسپە قاسپی کەوی نساران و هەڵەمووت بانگی رۆژێکی پڕجۆش بە گوێچکەی ئێمەدا دەدەن، ژینگە هەوای پاک و دیمەنی جوانمان بێ بەرامبەر پێ دەبەخشن!.
چرۆی درەختەکان بە خەندەوە مژدەی لەدایکبوون دەدەن، هەموو ئەم دیمەنی پانۆڕامایە بۆ چێژی خۆشبەختی مرۆڤە بەدەست و فڵچەی پەروەردگار نەخشێندراوە، کەواتە زەوی لە ساڵێکدا چوار وەرز بە چوار رەنگ خۆی نمایش دەکات و دەگۆڕێت، تۆی مرۆڤیش چێژ وەربگرە و سوپاسگوزاری پەروەردگار بە، تۆش تەنها لەیەک دۆخی چەقبەستووی هزریی و کەسیدا مەمێنەرەوە و وەک وەرزەکان خۆت بگۆڕە و دەوروبەر رەنگاوڕەنگ بکە و ئیلهام بیەخشە بە مرۆڤایەتی و ژینگە و سروشت و کۆمەڵگە.