خەون نەبوو
ئەوە رەزبوون و ئەمردن
ئەوە ئاوبوون و ئەخنكان
ئەوە بەرد بوون و شل ئەبوون
ئەوە گۆم بوون و رەق ئەبوون
خەون نەبوو كیژۆڵە خەون نەبوو
ئەوە دەستی سەرگوزشتە و
خەیاڵ نەبوو كیژۆڵەكەم
ئەوە دەستی نیوەی دونیا و نیوەی دەوڵەت و
قانوون بوو كە ئەهات و
تۆی ئەخستە زیلێكەوە و
دوور ئەیبردی
ئەوە نیوەی بلیمەتی و نیوەی عەقڵ و
نیوەی زانای جیهانێ بوو
بەیەكەوە لەگەڵ «مونتەسیر بیللا»دا
«با»ی بۆگەنیان بۆ هەڵكردی
خەون نەبوو كیژۆڵە خەون نەبوو
كڵۆ خەڵوزە ساردەكە
ئەوە مەمكێكی دایكت بوو
تۆپەڵە سوورو گەرمەكە
ئەوە دەماغی باوكت بوو
خەون نەبوون كیژۆڵە، خەون نەبوو
خەو نەبوون كیژۆڵە خەو نەبوون
وەكوو پرچ و زەردەخەنەو گوارەكانت
حەقیقەت بوون
خەو نەبوون هەرگیز خەو نەبوون
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی
گوڵەكان چۆن لە ترساندا رایان ئەكرد
بنچكەكان هەڵئەهاتن
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی
كەروێشێك خۆی ئەكرد بە پەیكەر
هەتاو خۆی ئەكرد بە سێبەر
ئەی بە گوێی خۆت گوێت لێ نەبوو
لەو ئێوارە بەسامەدا
سەگەكەمان كەوتە قسە و
بەڵام مەرد بوو
وتی چی ئەكەن با بیكەن
بەڵام من نابم بە بەعسی!
(شێركۆ بێكەس)