ترەمپ لە گۆشەیەکی داخراودا؛ ئایا دەتوانێت بەڵێنەکەی ئۆکرانیا بباتە سەر؟

03:28 - 2025-05-28
جیهان
95 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خۆی لە گێژاوێکی سیاسیدا دەبینێتەوە سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا و مامەڵەکردنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن. 
بانگەشە بەناوبانگەکەی کە گوایە دەتوانێت لە ماوەی تەنها ٢٤ سەعاتدا کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، ئێستا زیاتر وەک خەونێکی سیاسی دەردەکەوێت تا ستراتیژییەتێکی واقیعی.
پێشهاتەکان وا دەردەخەن کە پوتن گوێ بە بانگەوازەکانی ترەمپ بۆ ئاگربەست نادات و لە بەرامبەردا هێرشەکانی بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا چڕتر کردووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترەمپ هێشتا سوورە لەسەر هەڵوێستی پێشووی خۆی دژ بە ناردنی یارمەتی سەربازیی بەرفراوان بۆ ئۆکرانیا، بەو شێوەیەی کە لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا ئەنجام دەدرا.
ناڕەزایەتییەکانی ترەمپ بەرامبەر پوتن گەیشتووەتە ئەوەی بە "شێت" ناوی ببات و هۆشداری "یاریکردن بە ئاگر"ی پێبدات، تەنانەت ئاماژەی بە ئەگەری سەپاندنی سزای نوێش کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، رەخنەی توندی ئاراستەی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، کردووە. 
ئەم هەڵوێستە دووفاقییە نەک هەر سەرلێشێواویی لەناو بنکەی جەماوەرییدا دروستکردووە، بەڵکو فشاری لەلایەن ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارە دیارەکانی کۆماریشەوە زیاتر کردووە، کە داوای هەنگاوی کرداری و توندتر دژی مۆسکۆ دەکەن.
کێشە سەرەکییەکە لێرەدایە: پاشگەزبوونەوەی ترەمپ لە یارمەتیدانی سەربازیی گەورەی ئۆکرانیا، بژاردەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە. ئاگربەستێک لەم بارودۆخەدا رەنگە ئۆکرانیا ناچار بە سازشی خاکی بکات و دوورکەوتنەوەی لە ناتۆ مسۆگەرتر بکات. لەلایەکی دیکەوە، وازهێنانی ئەمریکا لە هەوڵەکانی ئاشتی، ڕکراستەوخۆ یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشڕەوییەکانی روسیا.
ئێستا ترەمپ لە بەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە: یان دەبێت پێچەوانەی بەڵێنەکانی پێشووی بجوڵێتەوە و پڕچەککردنی ئۆکرانیا دەستپێبکاتەوە، یان مەترسی ئەوەی هەیە وەک ئەو سەرۆکە ئەمریکییە لە مێژوودا بمێنێتەوە کە رێگەی بە سەرکەوتنی پوتن و فراوانخوازییەکانی دا.

سەرچاوە: the hill

بابەتە پەیوەندیدارەکان