رۆژنامەی (الثورة) بڵاویکردەوە، کارل سکاو جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکار و بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: بەرنامەکە لە سوریادا بەدەست کەمیی بودجەوە دەناڵێنێت، ناوبراو داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سزا سەپێنراوەکان سووک بکات و وەبەرهێنان لە بەرنامەکاندا بکات کە گۆڕانکاری خێرا بۆ بەرژەوەندیی گەلی سوریا بەدیبهێنێت.
سکاو، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندیی دیپلۆماسی ئەنتالیا 2025، وتی: بەرنامەکە لە سەرانسەری سوریا لە رێگەی حەوت ئۆفیسی ناوچەییەوە کاردەکات و لە ئێستادا ئامانجی ئەوەیە کە لە قۆناغی ئینتقالیدا کارەکانی فراوانتر بکات.
وتیشی: لە ئێستادا بەرنامەکە هاوکاریی پێشکەش بە نزیکەی یەک ملیۆن و نیو هاووڵاتی دەکات و هەوڵدەدات پشتگیریی لە سیستمی پاراستنی کۆمەڵایەتی و کردنەوەی نانەواخانەکان و نۆژەنکردنەوەی سیستمی نیشتمانی و ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکە بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە چالاکییەکی چڕ لە سوریا پیشان دەدەین، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین سزاکان سوک بکەن و وەبەرهێنان لە بەرنامەکاندا بکەن کە گۆڕانکاریی خێرا بۆ بەرژەوەندیی گەلی سوریا دەهێنێتە ئاراوە.