محەمەد ساڵەیی ساڵی 1962 لە كەركوك لەدایكبووە، ساڵی 1988 زانكۆی سەڵاحەدینی تەواو كردووە، بەكالۆڕیۆسی لە بەشی هونەر لە زانكۆی بێلفۆرد تەواو كردووە.
محەمەد ساڵەیی بە دوالاپەڕەی وت: لە منداڵییەوە بەردەوام كاری هونەرییم كردووە و بە زۆری شەیدای هێڵكارییم و هەتا ئەمڕۆش رۆژانە سێ سەعات من سكێچ دەكەم و جیاواز لە هونەرمەندانی دی، هونەرمەندێكی شامیلم و لە زۆر بواردا خزمەتم كردووە.
وتی: لە هەشتاكانەوە وەكو هونەرمەندی رۆژنامەكار لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەكاندا كارم كردووە، لە كوردستانی نوێ لە ژمارە سفرەوە تێیدا بەشدار بووم بە مۆتیڤ و كاریكاتێر و نووسین وەرگێڕانی بابەتی هونەریی و لە زۆربەی پێشانگەکانی تابلۆ و كاریكاتێرەكان بەشداریمان كردووە.
وتیشی: لە ساڵی 1997ەوە لە كەنەدا دەژیم و لەوێ مامۆستام و وانەی هێڵكاری و تابلۆكێشان و پۆرترەیت دەڵێمەوە و ئێستا كەمتر كاری رۆژنامەوانی دەكەم و زۆرتری كاتم بۆ وێنەكێشانی ئەكادیمی تەرخان كردووە و بە شێوازی پۆست مۆدێرنیزم كار دەكەم و بە شێوەی ئیمپریشنیزمی ئەكادیمی تابلۆ دەكێشم، مۆدێرنیزم كۆن بووە و ئەمڕۆ رێنیسانسی هاوچەرخ لە ئارادایە، وێنەكێشانی كوردستان هێشتا ئاگاداری ئەم تەوژمە نین.
لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا كە هونەر خەباتە، حەزە، بەهرە و كاركردنە، هەروەها قوربانیدانیشە.
ئالان محەمەد جەزا