بەبۆنەی 37 مین ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفال، بۆ یەكەمجار لە سەكۆی پەرلەمانی عیراق كورتە فیلمی (ئاوابوون) نمایشكرا كە باس لە یەكێك لە چیرۆكەكانی تراژیدیای ئەنفال دەكات، هەروەها ئەم فیلمە لە كەناڵی ئاسمانی كەركوكیش نمایشكرا.
كورتە فیلمەكە لە سیناریۆ و دەرهێنانی محەمەد سەید -ە و ژمارەیەكی دیار لە هونەرمەندانی كەركوك رۆڵی تێدا دەبینن.
دەربارەی فیلمەکە محەمەد سەید دەرهێنەر بە دوالاپەڕەی وت: فیلمی ئاوابوون چیرۆكێكی راستەقینەیە سەبارەت بە كارەساتی ئەنفال، ماوەی فیلمەكە 17 خولەكە و ژمارەیەكی زۆر لە ئەكتەر تێیدا بەشدارن و چۆڤین تاهیر و هەردی عادل رۆڵی سەرەكی دەگێڕن.
وتیشی: ئەم فیلمە لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و دەرەوە بەشداربووە، لە دهۆك و هەولێر و بەغدا نمایشكراوە و لە فێستیڤاڵی هەولێر خەڵاتی داوەرانی وەرگرتووە و لە ئەڵمانیا و مەغریب نمایشكراوە و تێچووەكەشی لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری كەركوك كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانییە، دابینكراوە.
محەمەد سەید وتیشی: جگە لە ئاوابوون 6 كورتە فیلم و چەندین فیلمی درێژم هەیە و نوێترین بەرهەمیشم لەژێر ناوی (سەربازگەی تۆپزاوا) كە پەیوەندی بە ئەنفالەوە هەیە بەم نزیكانە نمایشدەكرێت.
رزگار کەرکوکی
ئاشتی فەتاح