د. ئەرسەلان بایز سەركردە و تێكۆشەری دێرین چوارەمین كتێبی خۆی بەناوی (سەمای گوللەكانی بان سەرم) بڵاودەكاتەوە.
كتێبەكە لە 222 لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێكدێت، نوسەر باس لە رووداوەكانی دوای 31ی ئابی 1996دەكات، بە وردی تیشك دەخاتەسەر هێرشی پێچەوانە و چۆنیەتی گەڕانەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ شارەكان و هەوڵەكانی هەڤاڵ مام جەلال و كاك كۆسرەت و سەركردەكانی دیكە و كۆڕ و كۆبوونەوەكانیان بۆ ئەو مەبەستە.
هەر لە كتێبەكەدا باس لە پرۆسەی ئاشتی و كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان بە ناوبژی وڵاتانی ئیقلیمی و ئەمریكا دەكات، هەروەها باسی قۆناغەكانی دوو ئیدارەیی دەكات.
د. ئەرسەلان بایز بەشێكی دیكەی ئەوكتێبەی بۆ قۆناغەكانی دوای پرۆسەی ئازادی عیراق و بوونی هەڤاڵ مام جەلال بە سەرۆك كۆمار و جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی تەرخانكردووە، هەروەها ئاماژە بە قۆناغەكانی ژیانی سیاسی و ئەكادیمی خۆی دەكات، هاوكات دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی دروستبوونی یەكێتی و ناكۆكی و ئاڵۆزییەكانی نێوان حزبە سیاسیەكان و ئەو زیانانەی لەئەنجامی ئەو ناكۆكیانە بەر دۆزی رەوای گەلی كورد لە باشووری كوردستان كەوتووە.
لە دوای بەشی كتێبەكەش باس لە پرۆسەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم و ململانێكی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەسەڵات دەكات و ئاماژە بە هەوڵەكان بۆ نووسینەوەی دەستووری كوردستان و ناكۆكی لایەنەكان لەسەر شێوازی نووسینەوەی دەستوور و چۆنیەتی تێپەڕاندنی پرۆژە یاساكان دەكات، بۆ ئەمەش چەندین وێنە و بەڵگە و دۆكیۆمێنت دەخاتەڕوو.
تەها عەبدوڵڵا