بیست و چوار کاتژمێر لەنێوان ئازار و کاری رۆژنامەوانیدا

10:38 - 2025-04-20
کوردستان
63 جار خوێندراوەتەوە
شاری ستۆکهۆڵمی سوید

د.نەوزاد عەلی ئەحمەد ستۆکهۆڵم

پێش ئەوەی بۆ ژووری نەشتەرگەری بەڕێی بکەن، پزیشکە کوردەکە سەردانی دەکات و بە زمانی کوردی قسە دەکەن، پەرستارێک لەگەڵ تریقەی پێکەنینیدا روویان تێدەکات و دەڵێت؛ ئێ ئێ باشە ئێستا لە ژوورەوە کەرەستە زیادەکەت بۆ دەردەهێنێت و فڕێی دەدات

 ئەمە دووەمجارە «ئەو» لە سوید نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت. سەرەڕای چاوەڕوانی و ئەنجام و ئازارەکانی، بەڵام هەمیشە بیری لەلای پیشەکەیەتی، دەیەوێت لەم دۆخەدا زۆرترین رووداو تۆمار بکات. 
نامەیەکی پێدەگات و نووسراوە فڵان رۆژ لە نەخۆشخانە ئامادە بێت، لە ناوی پزیشکەکە ورد دەبێتەوە، ئەگەر کورد نەبێت، دڵنیایە ئێرانییە و رەنگە ئازەر بێت. دەگات، بە گەرمی پێشوازی لێدەکەن. پزیشکەکە بە خەندەوە بە سویدی پێیدەڵێت، دوێنێ لە ناوەکەت وردبوومەوە، گوتم کورد نەبێت، دراوسێمانە. رەنگە کوردییەکەم تاسە بکات و چاڵی زۆر تێبکەویت! دڵیخۆشە پزیشکەکە کوردە. لەوەدەچێت تازە چڵ ساڵی تێپەڕاند. گوتی؛ سی و پێنج ساڵە لە سوید دەژیم. 
پزیشکەکە سەیری کەیسەکەی دەکات و بڕیار دەدات لە کەمترین کاتدا نەشتەرگەریی بۆ بکرێت. نامە دەگات، کات و شوێنی تێدایە. سەحەرێکی جوانە، ئاووهەوا مەرحەبا لە بەهار دەکات. خەڵک بەرەو کار کاروانییان گرتووە، ئەویش بەرەو ژووری نەشتەرگەریی.
قەیرەژنێکی تەڕ بە خەندەوە پێشوازی لێدەکات، کاروبارە ئیدارییەکانی بۆ رایی دەکات. جلی نەخۆشخانەی بۆ دێنێت. «ئەو» پێی دەڵێت؛ جلەکانی ژێرەوەشم بگۆڕم. بەڵێ. بۆئەوەی ئامادەی بکەن، هەر پەرستارە و کاریی خۆی دەکات. ژنێکی ئەسمەری درەوشاوە، گۆنای شەڕ لەگەڵ مانگ دەکات و چاوەکانی ناز و نیعمەتی لێدەبارێت. «ئەو» زوو لێی دەپرسێت تۆ ئەسڵت سویدی نییە. بە خەندەیەکی زۆر جوان. زیرەکیت، باشت هەڵهێنا. من خەڵکی جەزائیرم، بەڵام نازانم بە عەرەبی قسە بکەم. کەواتە هەردووکمان هاوسۆزین، من کوردم و تۆش رەنگە ئەمازیغی بیت، بەڵێ! نیوە بەنیوەم. «ئەو» دەست بە قسەکانی خۆی دەکاتەوە و پێی دەڵێت؛ دوو گەورەترین نەتەوەین، لە دوو کیشوەری جیاوازدا، هەمان چارەنووسمان هەیە و کێشەکەمان هەمان هەیە. 
پێش ئەوەی بۆ ژووری نەشتەرگەری بەڕێی بکەن، پزیشکە کوردەکە سەردانی دەکات و بە زمانی کوردی قسە دەکەن، پەرستارێک لەگەڵ تریقەی پێکەنینیدا روویان تێدەکات و دەڵێت؛ ئێ ئێ باشە ئێستا لە ژوورەوە کەرەستە زیادەکەت بۆ دەردەهێنێت و فڕێی دەدات. ئەو لە وەڵامی پەرستارەکەدا؛ «بە پێکەنینەوە» ئێ خۆ تۆ کوردی نازانیت باسی چیمانکرد!
تەواو دەبێت و لە ژووری چاودێریدا بەهۆش دێتەوە، ئەو ناوە پڕ بووە لە پەری و لە پەریستان دەچێت. ئەی خوایە ئەمانە چەند بەزەیین، چەند نەرم و نیانن! بەجۆرێک سادەن، مرۆڤ هەست بە شەرمەزاریی دەکات! بۆ رۆژی دواتر پزیشکێک سەردانی دەکات. دوائەنجامی نەشتەرگەرییەکەی بۆ باس دەکات. ئەمیش هەر ژنە، تەواوی ئەم بەشە و بەشی نەشتەرگەریی ژنن، تەنیا سێ پیاو کار لەم بەشەدا دەکەن. پزیشکەکە زۆر بە وردی باس لە نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکەی بۆ دەکات. لەسەر ئەژنۆ دانیشتووە و زۆر لەسەرخۆ راپۆرتی خۆی دەدا. «ئەو» داوای لێدەکات، تکایە لەسەر قەرەوێڵەکەم دابنیشە چۆن دەبێت لەسەر ئەژنۆ دابنیشیت. سوپاس با جلەکانت لە بەکتریا دووربن و سەلامەت بیت، چونکە من سەردانی زۆربەی ژوورەکان دەکەم.
رۆژی دووەمە و پێویستە لەم کۆریدۆرە تۆزێک پیاسە بکات، تا وردە وردە لەگەڵ ئەم دۆخە تازەیە رابێت و ژیانی ئاسایی ببێتەوە. پەرستارێک دەبینم، پێدەچێت لەسەر مانگ و رۆژی خۆی بێت. نەخۆشێک بەڕێدەکات، کۆڵەپشتەکەی بۆ هەڵگرتووە و عەرەبانەکەشی بۆ پاڵ دەدات. لێرە هەموو شتێک پێویستە بە ئاسایی وەربگیرێت. ئەو ژنە تا چەند رۆژێک پێش منداڵبوونەکەی بۆی نییە مۆڵەت وەربگرێت، ئەگەر مۆڵەتی زوو وەربگرێت، کێشە بۆ مووچەکەی دروست دەبێت و کەم دەبێتەوە، یاخود رەنگە کارەکەی لە دەست بدات.
لە ئیدارەی نەخۆشخانە تاکسی بۆ «ئەو» دەگرن. شوفێر پیرەمێردێکی چوست و چالاکە و دەرگای تەکسییەکەی بۆ دەکاتەوە و جانتاکەی بۆ هەڵدەگرێت. بە نەوەی ئەو دەشێت، بەڵام ئەمە کەلتورێکە لێرە وا رۆیشتووە، پێویستە شوفێری تاکسی بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ نەفەر بکات. ئەو ناخوازێت جانتاکەی بەو پیرەمێردە بدات. کاکی شوفێر پێی دەڵێت؛ ئێستا دەچین کەسێکی دیکەش هەڵدەگرین، کە لە گەڕەکی ئێوە دەژیت. ئەمە یەکەمینجارە بزانم تاکسی تایبەت دوو نەفەر لە دوو شوێنی جیاواز هەڵبگرێت، گەڕەکی ئێمە دوورە، رەنگە ئەمە ئاسایی بێت و من نەزانم. 
ئەو نەفەرە ژنێکە، لە شێوەی دیارە سویدی نییە. مەنزڵ دوورە و کاتژمێرێک دەبێت. دیسان وەک رۆژنامەنووسێکی فزوڵی پێویستە بیدوێنێت. سەرەتا بە سویدی لێیپرسی؛ خێرە تۆش کارتی تاکسیتان بۆ کراوە!؟ ئەوانەی ئەو کارتەیان بۆ دەکرێت، حکومەت پارەکەیان بۆ سەرف دەکات. زیاتر ئەوانەن، کە نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، یاخود نەخۆشی درێژخایەنییان هەیە. 
ئەو ژنە کوردە و خەڵکی باکووری کوردستانە، ساڵێک زیاترە تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە و دەستی بە وەرگرتنی چارەسەر کردووە. لە ماوەی ئەو کاتژمێرە رێگەیەدا، سەرەڕای ئازارەکانی تێکەڵاو بە ئازارەکانی ئەویش بوو. وەک دەرکەوت لەگەڵ هەر سێ منداڵەکەی لە باڵەخانەیەکی نزیک بە ماڵی ئەوان دەژیت، هاوسەرەکەشی رێگەی کارکردنی دوورە و ناتوانێت هەموو رۆژێک بۆ ماڵەوە بگەڕێتەوە! خەمی ئەوەی بوو پێش ئەوەی قژی بوەرێت، قژێکی رەشی قەترانی هەبوو، کەچی ئێستا قژەکانی بە سپی هاتوونەتەوە. زۆر قسەیان کرد، تا دڵی بداتەوە، باسی دوو نەخۆشی درێژخایەنی خۆی بۆ کرد. ئەویش گوتی؛ ئۆی دشەکەشم گەریلا بوو، پێش چەند ساڵێک لەمەوبەر هێنایانە ئەوروپا و وەک تۆ گرێیەک لەسەری بوو. «ئەو» بە پێکەنیینەوە پێی دەڵێت، لەلای ئێوەش «دش و دوژمن دبێژن»!! سەری بۆی لەقاند!
شۆفێری تاکسییەکە ژنەکە بەڕێدەکات و شتەکانی دادەبەزێنێت. دوای دوو خولەک، لەبەردەم باڵەخانەکەی ئەوان دەوەستێت. شوفێرەکە دەیەوێت دەرگای بۆ بکاتەوە و جانتایەکەی لێوەربگرێت. دەرفەتی پێنادات. «ئەو» بە شوفێری تاکسییەکە دەڵێت؛ بەم تەمەنە کەلتوری ئێمە رێگە نادات، بەڕێزت ئەزیەت بدەم، ئەرێ پێش ئەوەی بڕۆم با ئەم پرسیارەت لێ بکەم؛ هەست دەکەم هیلاکیت. بە پێکەنینەوە دەڵێت: خەریکە مۆمی هەشتا ساڵەم دادەگیرسێنم، ئینجا پشوو دەدەم و واز لە کارکردن دێنم. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان