وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی یەکخستنەوەی هێزەکانیەتی، لە پێکهێنانی فیرقەکانی بەردەوامە و چاوەڕێدەکرێت پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80ش پێش کۆتایی ئەمساڵ بەکۆتابێت.
وەزارەتی پێشمەرگە، ئێستا بەنیازە 11 فیرقەی هاوبەش پێکبهێنێت، کە هەر فیرقەیەکی پێکهاتووە لە چوار لیوا و لە تەشکیلاتی نوێدا، چوار فیرقە تەواوکراون و دووانى دیکەش لەپێکهێناندان، لە داهاتووشدا پێنجى دیکە پێکدەهێنرێت.
لیوا روکن عومەر ساڵح، فەرماندەى هێزەکانى 70 راگەیاندووە، یادداشتى لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى بەرگریى ئەمریکادا هەیە و مانگانە 11 ملیۆن دۆلار هاوکاریى دارایی دەدەنە وەزارەتى پێشمەرگە.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی 70 وتیشی، دوا وادە بۆ یەکخستنەوەى هەموو هێزەکانى پێشمەرگە مانگى ئەیلولى ساڵى 2026ە.
لەلایەکی دیکەوە، لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هەنگاوەکان بۆ یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە بەردەوامن، بەشێوەیەک، کە بڕیارە 11 فیرقە پێکبهێندرێت، کە تاوەکو ئێستا چوار فیرقە پێکهێندراوە و دوو فیرقەش لە پێکهێناندان، هاوکات بڕیارە لەداهاتوودا پێنج فیرقەى دیکە پێکبهێندرێت.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی، لەبارەى شێوازى دابەشکردنى فیرقەکان بەشێوەیەکە، پێنجیان بۆ دەڤەرى یەک و پێنج فیرقەش بۆ دەڤەرى دوو دیاریکراوە، هەروەها یەک فیرقەى یەدەگیش سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە دەبێت.