کـــاریــگــەريی پــلاتـفـۆرمـە میدیــاییەکـــان بەسەر زمـــانەوە

10:42 - 2025-04-22
دووتوێ
42 جار خوێندراوەتەوە

پلاتفۆرمە میدیاییەکان، بە پێشکەشکردنی بەرنامەکانیان بە زمانێکی روون و رەوانی بێ هەڵەی ڕێزمانیی و بێ بەکارهێنانی وشە و زاراوەی نامۆ، کە لەگەڵ سروشت و رێزمانی زمانەکەمان ناگونجێن، دەتوانن کاریگەر بن. بەداخەوە وەک دەردەکەوێت میدیاکانمان لەم رووەوە نەختێک کەمتەرخەمن، زۆربەی کارمەندەکانیان گەنجی کەم ئەزموونن، بە بۆچوونی خۆیان وشە و زاراوە و دەربڕینەکان دادەڕێژن. بۆیە لەنگی و هەڵەی زمانەوانی دەکەوێتە کارەکانیانەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەمە دەبێت ئێمەیش، وەک وڵاتان، هەر دەزگایەکی میدیایی، راوێژکاری زمانەوانیی ئەزموونداری هەمیشەیی خۆی هەبێت، بەبێ چاودێری و رەزامەندیی ئەم، هیچ دەنگوباس و ناونیشان و نووسینێک بڵاونەکرێتەوە.
فێربوونی زمانی دووەم ئەرکی میدیا نییە، ئەوەندەیە فێرخواز دەتوانێت سوود لە کەناڵ و ئیزگەکان وەرگرێت بۆ فێربوونی زمانی تر، بۆ نموونە بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی، بیستن و بینینی کەناڵە ئینگلیزییەکان رۆڵی کاریگەریان دەبێت لە فێربوونیدا. 
هەندێك لە کەناڵەکان، بەرنامەی تایبەتییان هەیە بۆ فێرکردنی زمانێکی تر، لە ئینتەرنێتیشدا گەلێك سایت و ماڵپەڕ هەن بۆ فێرکردنی زۆر لە زمانەکان.
زمان هێز و ناسنامەی نەتەوەیە، مانەوەی  نەتەوەش بەندە بە مانەوەی زمانەکەیەوە، هەر نەتەوەیەک زمانەکەی لاواز بوو یا لەدەستیدا، بوون و جوگرافیا و فەرهەنگ و کەلتورەکەشی لەدەستدەدات، هەر لەبەر ئەمەیە رژێمە رەگەزپەرستە دڕندەکان بۆ بنبڕکردنمان، زمانەکەمانیان کردووەتە ئامانج، بە گرتنەبەری سیاسەتی بە عەرەبکردن و بە تورککردن و سووکایەتییکردن بە زمانی کوردی کە گوایا زمانی جنۆکە و دۆزەخە.
لێرەدا گرنگیی میدیا دەردەکەوێت، میدیا دەبێت شانبەشانی هێزەکانی تری بەرگریی نەتەوەیی، رۆڵی سەرەکی لە وشیارکردنەوەی خەڵکەکدا ببینێت لە پێناوی پاراستنی زمانەکەمان.
زمان رەنگدانەوەی ئاستی هزر و رۆشنبیریی نەتەوەییە،  نەتەوە چەند رۆشنبیر بێت، زمانەکەشی بەو رادەیە بەهێز و دەوڵەمەند دەبێت، لێرەدا گرنگیی میدیا دەردەکەوێت، میدیاکان رۆڵی سەرەکی لە رۆشنبیرکردن و راونانی دواکەوتوویی و جەهالەتدا دەگێڕن، پێویستە میدیاکان بایەخ بە زمانەکە بدەن بە پێشکەشکردنی بەرنامەی تایبەت بە زمان، بە بەشداربوونی زمانەوانان و پسپۆڕان و سوودوەرگرتن لە خاوەن ئەزموونەکان، لەپێناو وشیارکردنەوەی خەڵكەکە بە دەرخستنی گرنگیی زمان و رێکارەکانی پاراستنی و گەشەپێدانی. 
گرنگترین خاڵ ئەوەیە مەرج و پێوانەی سەرەکیی میدیاکان لە هەڵبژاردن و دامەزراندنی کارمەند و بێژەرەکان، تەنها شێوەی ڕوخسار و دەنگ نەبێت، لەوانە زۆر گرنگتر ئەوەیە، دەبێت لە روی زمان و رۆشنبیریی گشتیشەوە شایان بن، وەک پێشتریش ئاماژەم پێکرد،  پێویستە هەر دەزگایەکی میدیایی ڕاوێژکاری زمانەوانیی ئەزموونداری هەمیشەیی هەبێت.
لەگەڵ  ئەمانەشدا دەبێت حکومەت و دەزگا رەسمییەکان بە جددی بەرپرسیارێتیی خۆیان بگرنە ئەستۆ بە چاودێریکردنی میدیاکان بۆ رەچاوکردنی یاسا و ڕێنماییەکان.

پ. د. وریا عومەر ئەمین

* 15/3/1947 له‌شاری كۆیه‌ له‌دایك بووه‌.
* 1971 به‌كالۆریۆسی له‌زمان و ئه‌ده‌بی كوردی له ‌زانكۆی به‌غداد به‌ پلەی یه‌كه‌م ته‌واوكردووه‌.
* 1972-1980 له‌ زانكۆكانی مۆسكۆ و له‌نده‌ن، خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس و دبلۆم و ماجستێر و دكتۆرای وه‌رگرتووه‌.
* 1992 پله‌ی پڕۆفیسۆریی وه‌رگرتووه‌، یه‌كه‌م كه‌سه‌ پله‌ی پرۆفیسۆری له ‌زمانی كوردیدا، به‌ده‌ستبهێنێت.
* 2004 دكتۆرای دووه‌می له ‌مێژوودا وه‌رگرتووه‌.
* پڕۆفیسۆری زمانه‌وانییه‌ له‌زانكۆی به‌غداد و پرۆفیسۆری وانه‌بێژە له ‌زانكۆكانی سه‌ڵاحه‌دین و سلێمانی و كۆیه‌ و گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان