شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی 127 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندن کرد و هیوای سەرکەوتنیان لە کاری رۆژنامەوانیی و میدیایی بۆ دەخوازێ.
دەقی پەیامەکەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا:
رۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی رۆژێکە لە ٢٢ی نیسانی هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە، ئەمڕۆ (١٢٧) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی بە ناوی رۆژنامەی (کوردستان)، لە هەمان کاتدا ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم رۆژنامەنووسان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان لە کاری رۆژنامەوانیی و میدیایی بۆ دەخوازم.
لەم بۆنەیەدا، بە بایەخەوە لە کار و چالاکییەکانی بواری رۆژنامەگەریی و ڕۆشنبیرانی هۆشیار و بوێر دەڕوانین، چونکە بوار ڕەخساندن بۆ نووسەر و میدیای ئازاد گوزارشتە لە هەبوونی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و خاوەن هێز و ئیرادە، لەهەمان کاتدا یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی حوکمڕانی باش، لەم سۆنگەیەوە بە پێویستی دەزانم هیچ ڕێگرییەک نەمێنێت لە بەردەم بەرەوپێشچوونی کاری رۆژنامەگەریدا و بواریان پێبدرێت وەک دەسەڵاتی چوارەم لە هەرێمەکەمان ڕۆڵی ڕاستگۆیانەی خۆیان ببینن، بۆ ئەوەی سیمایەکی جوانتر لە ڕووی دیوکراسییەوە نیشانی جیهان بدەین.
هیوادارم کاری رۆژنامەگەریی و راگەیاندنکاری پیشەییانە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکاندا گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، هەروەها دوور لە ململانێ سیاسییەکان و بەرتەسککردنەوەی کاری رۆژنامەوانی بواری زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت، لەپێناو گەیاندنی راستی و دروستیی بابەتەکان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا.
لە کۆتاییدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆ و پێزانینەوە یادی ئەو رۆشنبیر و خاوەن قەڵەمە بوێرانە دەکەینەوە کە لە ڕێگای کاروانی رۆژنامەگەریدا گیانی خۆیان کردە قوربانی خاک و نیشتیمان، سڵاو لە گیانی پاکیان بێت و یاد و یادەوەرییەکانیان بۆ هەمیشە بە زیندوویی لە بیرماندا دەمێنێتەوە.