پ.د.جەعفەر شێخولئیسلامی: کاریگەرییەکانی میدیا بەسەر زمانەوە، فرە رەهەندن

10:46 - 2025-04-22
دووتوێ
49 جار خوێندراوەتەوە
پ.د.جەعفەر شێخولئیسلامی

میدیا ڕۆڵێكی گرنگ لە سیاسەت و پلاندانانی زماندا دەبینێت، هەم لە ئاستی زمانی باڵادەستدا و هەم لە ئاستی زمانی کەمینەکراودا، با سەرەتا باسی میدیا و زمانی باڵادەست بکەین، وەکو کوردیی ناوەندیی لە باشووری کوردستان بە گشتی، هەروەها بادینی لە پارێزگای دهۆک، میدیا دەتوانێت سێ رۆڵ بۆ پلاندانانی زمانی باڵادەست بگێڕێت:
1 - میدیا رۆڵێكی گرنگی لە یەكدەستكردن و ستانداردكردنی شێوەزاری باو و پێوەردا هەیە، دەتوانێت وشەی یەکدەست، لە کۆمەڵدا بڵاوبکاتەوە، رێزمانی خوازراو پەرە پێبدات و ڕێنووس یەکدەست بکات.  
2 - بە درێژایی مێژوو، لە دوای پەروەردە، میدیا لەو گۆڕەپان و دامودەزگا گرنگانەدا بووە، کە ئاست و پایەی زمانێکیان لە کۆمەڵدا بەرز کردووەتەوە، زمانێک کە لە میدیادا کەڵکی لێ وەردەگیرێت، بە تایبەتی بۆ بابەتی مۆدێرن و سەردەمییانە، وەکو تەبليغات، سپۆرت، دەنگوباس، بابەتی زانستی، ڕەنگ و ڕوویەکی سەردەمیانە و پێشکەوتووانە و مۆدێرنی پێدەدرێت.
3 - هەردوو هۆکاری یەکەم و دووەم، دەبنە هۆی بڵاوبوونەوە و زۆرتر گەشەکردنی زمانی ستاندارد، هەروەها میدیا دەتوانێت کاریگەريی لەسەر زمانە کەمینەکراوەکان دروستبکات، هەم لە لایەنی نەرێنییەوە و هەم لە لایەنی ئەرێنییەوە.
لە لایەنی ئەرێنییەوە، میدیا دەتوانێت دەرەتان بۆ زمانە کەمینەکراوەکان دروستبکات، بۆ ئەوەی کەڵکیان لێوەربگیرێت، لە لایەکی دیکەشەوە، چونکە ئاخێوەرکانی زمانە کەمینەکراوەکان لەژێر تەوژمی زمانی باڵادەستدان، لەوانەیە زمانەکەیان زۆرتر بکەوێتە مەترسییەوە،  بۆ نمونە، بۆ هەزاران ساڵ، شێوەزاری هەورامی لە ناو کۆمەڵە چیا سەخت و گەردن کەشەکاندا، تا رادەیەکی یەکجار زۆر خۆی پاراست، بەڵام، ئێستا ئاخێوەرانی ئەم شێوەزارە، لە چەندین بواردا، یەک لەوانە میدیایە، لەژێر کاریگەریی میدیای کوردیی ناوەنديدان، ئەمەش بە بێ کاریگەریی نەرێنی نابێت.

 

لە زۆربەی دنیا، لە پۆلەکانی خویندنی زماندا، مامۆستا داهێنەرەکان بۆ وانە وتنەوە کەڵک لە میدیا وەردەگرن، بۆ نمونە با ئەوە نیشان بدەن کە زمانی ئینگلیزی، یان کوردی، چۆن دەنگوباسی پێ دەنووسرێت، چۆن تەبلیغات و رێکلامی میدیایی پێدەکرێت، چۆن فیلمی پێ بەرهەم دەهێنرێت یان بازاڕیی پێدەکرێت

 

 *‎ پلاتفۆرمە میدیاییەکان لە چ ڕوویەکەوە، دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ئەو شکۆمەندییە هەبێت کە پەیوەستە بە زمان یان شێوەزارەکانی زمانی کوردییەوە؟
-میدیا دەتوانێت ڕۆڵێكی بەرچاو ببینێت لە زیندوكردنەوە و دەوڵەمەندکردن و پەرەپێدانی هەموو زمانەکان، بەو مەرجە کە خەڵک لەسەر ئەو پلاتفۆرمانە کەڵکیان لێوەربگرن، بەڵام وەکو گوتم، ئەگەر بڕوانینە زمانی زۆرینە و كەمینە، یان زمانی باڵادەست و ژێردەست، ئەو راستییەمان بۆ دەردەكەوێت، ئەگەر سیاسەتێكی تۆكمە و دیموكراتیک لە ئارادا نەبێت، میدیا دەتوانێت شێوەزارە پەراوێزخراوەکان زیاتر بخاتە لاوە، ئەمەش دوو هۆکاری هەیە:
1 - ژمارە و دەسەڵاتی پلاتفۆرم و ماڵپەڕەکان و ئەپەکانی زمانی باڵادەست هەمیشە زۆرترن، بۆ نموونە، ئەگەر یەک ماڵپەڕ بە هەورامی شتێک بنووسێت یان ناوەرۆکێک بڵاوبکاتەوە، 500 ماڵپەڕ ئەمە بە سۆرانی دەیکەن و 100 ماڵپەڕیش بە بادینی دەیکەن. 
2 - هەر ئەم زۆربوونی ماڵپەڕی زمانی باڵادەستە، ئەو زمانە خۆشەویستتر و سروشتی تر دەکات لە لای ئاخێوەرانی زمانە کەمینە کراوەکانیش، ئەمەش کاتێک روودەدات کە ئاخێوەرەکانی زمانە بندەستەکان بە زمانی باڵادەست دەچنە فێرگە و خوێندنگەکان.  خوێندن بە هەر زمانێک رەوایەتیی و باڵادەستیی دەدات بەو زمانە، زمانێک کە لە چوارچێوەی فێرگەدا پەراوێزخرابێت، لە کۆتاییدا لە هەموو شوێنێک، تەنانەت لە ناو بنەماڵەکانیشدا، لە سەردەمی خوێندەواریی گشتی و میدیای سەردەمدا، لە ناو چیاکانیشدا دەکەوێتە پەراوێزەوە، ئەمە جێگەی داخە کە راناوەستێت، مەگەر سیاسەتێکی زمانی دیموکراتیک هەبێت. 
پلاتفۆرمەکانی سۆسیال میدیا، وەکو ئینستاگرام، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کۆمەڵگەیەکی وەکو خۆرهەڵاتی کوردستان.  بە دەیان و سەدان ماڵپەڕ بۆ فێرکردن و فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی کوردی تەرخانکراون، لە کاتێکدا کە ئەمە لە فێرگەکانی ئێران ڕێگەیان پێنەدراوە.
بە دەیان ماڵپەڕ، زاراوە و پەندی پێشینانیان زیندو ڕاگرتووە و بڵاویان دەکەنەوە، ئەم ماڵپەڕانە بوون بە پێگەیەکی چالاکی زمانەوانی، لە لایەن گەنجەکانەوە بەڕێوەدەچن و بۆ گەنجەکانیشن، ئەمە گرنگە و هیوا و ئومێدێک دروستدەکەن، سەرەڕای پشتگوێ خستنی زمانی کوردی، بە هەموو شێوە زارەکانییەوە، لاوانی خۆرهەڵات زمانەکەیان دەپارێزن و دەوڵەمەند تری دەکەن. 
خەڵک پێویستە پشتیوانیی لەم ماڵپەڕانە بکەن، نیشانەی حەزیان بۆ دابنێن و دوایان کەون، با ئەو ماڵپەڕانە ئاست و پلەی زمانەکەشیان باوتربن، دەرفەتە ئەمە بڵێم، کە هەموو تاکێکی کورد دەتوانێت بە توانای خۆی و لە ئاستی خۆیدا زمانەکەی خۆشبوێت و پەرەی پێبدات. 

*‎ میدیا چۆن کاریگەريی هەبووە لەسەر فێربوونی زمانی دووەم لە نێوان گروپە تەمەنە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لە سەردەمی میدیای دیجیتاڵیدا؟
- لە سەرەوە باسم کرد کە سۆشیال میدیا لە شوێنێکی وەکو خۆرهەڵاتی کوردستان، بوون بە پێگەی چالاکی و خۆڕاگریی زمان، لە باشوور سۆشیال میدیا بووە بە دەنگی خەڵک، بە تایبەت ئەو خەڵکانەی کە خاوەنی رادیۆ و تەلەفزیۆن نین،  هەندێک بوون بە سەرچاوەی داهات و چالاکیی ئابووری.
گرنگ ئەوەیە هەموو ئەمانە بە زمانی کوردی دەکرێن، لە خۆرهەڵات بە سەدان کەس لە سەر سۆشیال میدیا فێری خوێندن و نووسینی کوردی بوون و دەبن، لە هەموو کوردستان و دنیاش، گەنجەکان بە هۆی سۆشیال میدیاوە فێری زمانی ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە دەبن.
لە زۆربەی وڵاتانی دنیا، لە پۆلەکانی خویندنی زماندا، مامۆستا داهێنەرەکان بۆ وانە وتنەوە، کەڵک لە میدیا وەردەگرن، بۆ نمونە کە زمانی ئینگلیزی، یان کوردی، چۆن دەنگوباسی پێ دەنووسرێت، چۆن تەبلیغات و رێکلامی میدیایی پێدەکرێت، چۆن فیلمی پێ بەرهەم دەهێنرێت یان بازاڕیی پێدەکرێت. ئەمانە هەمووی بۆ فێربوونی زمان گرنگن،  زمان هەر بریتی نییە لە چاکوچۆنی کردن، یان فێربوونی رێزمانی نێو کتێب.
 لە کۆتاییدا، باش فێربوونی زمان، واتە کەڵک لێوەرگرتنی باش،  ئەگەر یەکێک هەموو ڕێزمانی زمانێکیش لەبەر بکات، بەڵام نەتوانێت پەراگرافێکی پێ بنووسێت، یان دانوستانێکی لە سەر بابەتێکی کۆمەڵایەتی پێبکات، کەڵکی چیيە؟.
 
داڕشتنەوەی: لازیا  عەلی مەحمود 
خوێندکاری قۆناغی چوارەم، بەشی وەرگێڕان (زانکۆی جیهان-سلێمانی).

بابەتە پەیوەندیدارەکان