دوێنێ لە سلێمانی، بە دروشمی (ژن، خەبات، ژیان) كۆنگرەی یەكێتیی ژنانی كوردستان بە بەشداریی 240 ئەندام دەستیپێكرد.
لە سەرەتای كۆنگرەكەدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، وتەیەكی پێشكەشكرد و جەختی لە گرنگیی هاوخەباتیی ژنان كردەوە بۆ كاركردن و چەسپاندنی یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و روبەڕوبوونەوەی جیاكارییەكان، وتیشی: خەباتی رێكخراوەییمان بەردەوامە بۆ پاراستن و گەیشتن بە تەواوی مافەكانی ژنان.
پاشان، د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: یەكێتیی ژنان، لە 36 ساڵی تەمەنیدا لە شاخ و لە شار و تائێستاش رۆڵێكی كارای بینیوە، ئێمەش شانازییان پێوەدەكەین و وەك پارێزگای سلێمانی ئامادەی هەموو پشتیوانییەكین، وتیشی: دەبێت شایەتی ئەوە بدەم كە قوباد تاڵەبانی پشتیوانێكی گەورە و راستەقینەی خەباتی ژنانە لە كۆی كایەكانی ژیانی ژناندا و بووەتە پایە بۆ ژنانی كوردستان.
هەر لە كۆنگرەكەدا، خاتوو كافیە سلێمان سكرتێری یەكێتیی ژنانی كوردستان، وتەیەكی پێشكەشكرد و وتی: ئەم كۆنگرەیە بۆ پێداچوونەوە و نوێبوونەوە و درێژەدانە بە خەباتەكەمان، كە بە ئیرادەیەكی پۆڵاینەوە دەستیپێكرد، وتیشی: شانازییە چەندین ساڵە وەك سكرتێری یەكێتیی ژنان كاردەكەم و بە هاوكاریی هەموو لایەك چەندین دەستكەوتمان بەدەستهێناوە و بۆ داهاتووش هاوكار و پشتیوانی یەكێتیی ژنان و تەواوی ژنانی كوردستان دەبم.
دواتر، كنێر عەبدوڵڵا لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە، لە وتەیەكدا، رایگەیاند: ئومێدەوارین كارەكانمان بۆ ئەم كۆنگرەیە بەدیهێنەری ئامانجەكانی یەكێتیی ژنان بێت.
لە كۆتایشدا، لەلایەن خاتوو شاناز، قوباد تاڵەبانی، كافیە سلێمان و پارێزگاری سلێمانییەوە، خەڵات بەخشرایە سكرتێر و بەشێك لە ژنانی سكرتاریەتی یەكێتیی ژنانی كوردستان.