بڕیارە سەندیكای رۆژنامەنووسانی یەكێتیی ئەوروپا، بەهەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی پەیامنێران، سەنتەرێكی چاودێری لەهەرێمی كوردستان بكاتەوە، ئامانج لەو سەنتەرە چاودێریكردنی ئازادیی رادەبڕین و ئازادیی كاری رۆژنامەنووسی دەبێت لە هەرێمی كوردستان.
هۆزان قادر سەرۆكی رێكخراوی پەیامنێران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەسەر بانگهێشتی رێكخراوەكەمان، وەفدێكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی یەكێتیی ئەوروپا، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و بڕیارە لەماوەی مانەوەیاندا بەشداری لە چەند چالاكییەكی میدیایی لە شارەكانی هەرێم بكەن.
وتی: هەر لەپێناو پتەوكردنی پەیوەندییەكانی كاری رۆژنامەنووسان لەنێوان هەردوولا، بڕیارە سەندیكای رۆژنامەنوسانی یەكێتیی ئەورپا، سەنتەرێكی چاودێریكردن بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی ئازادیی رادەبڕین و ئازادیی كاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە.
راشیگەیاند: بۆیەكەمجارە سەندیكای رۆژنامەنووسانی یەكێتیی ئەوروپا لەچوارچێوەی سەردانەكەیاندا، بەهەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی پەیامنێران، خەڵاتی نێودەوڵەتیی رۆژنامەوانی بەناوی (چڵە نێرگز)، لە شاری سلێمانی لە مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت لە پاركی ئازادی دەبەخشێتە ژمارەیەك رۆژنامەنووس، ئەوانەی خزمەتی كاری رۆژنامەوانی و كۆمەڵگەیان كردووە، ئەمەش وەك ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستانیش ساڵانە رۆژنامەنووسان خەڵات بكرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد: سەندیكای رۆژنامەنووسانی یەكێتیی ئەوروپا لەساڵی 1963 دامەزراوە و لە 11 وڵات لقی هەیە، هەروەها خاوەنی 3 هەزار ئەندامە، بۆیە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیكای ناوبراو لەبواری رۆژنامەنووسی و كاری میدیایی، كاریگەریی باشی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.
تەها عەبدوڵڵا