ئەم كتێبە لە نووسینی ئەمجەد شاكەلی -یە و بابەتێكی زمانەوانییە كە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بە تیراژی 1000 دانە چاپ و بڵاویكردۆتەوە.
نووسەر باس لەوە دەكات زمان ئەگەر وەك زمانناسی باسی لێوە بكەین، زانستێكە وەك هەموو زانستەكانی دیكەی وەك فیزیا و كیمیا و زیندەوەرناسی و مێژوو.
ژاك لاكان دەروونناسی فەرەنسی پێی وایە ئەوە مرۆڤ نییە زمان دادەهێنێت، بەڵكو ئەوە زمانە مرۆڤ دروستدەكات.
ئەمجەد شاكەلی وەك زۆربەی نووسەر و رووناكبیرانی تر زمان بە ناسنامەی خۆی و نەتەوەکەی دەزانێ، هەر بۆیە لە كتێبەكەیدا باس لە زمان و زاراوە كوردییەكان هەروەها زمانی ستاندارد دەكات و پێی وایە زمانی ستاندارد پەیوەندی بە زۆر و كەمیی خەڵكەوە نییە كە قسەی پێدەكەن، ئەگەر بە حیسابی زۆرینە بێت ئەوا كرمانجی سەروو زۆرینەن، زمانی ستاندارد ئەو زمانەیە توانیویەتی جێی خۆی لە بواری میدیا و خوێندندا كردبێتەوە و زمانی رەسمی دەوڵەت بێت، هەرچەندە ئێمە دەوڵەتمان نییە، بەڵكو زمانی رەسمی حكومەتە.
جەواد حەیدەری