لە مەخموور، رێگری لە دیاردەی راوكردنی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی دەكرێت

12:13 - 2025-04-23
کوردستان
57 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیەكی خۆبەخشی پێشمەرگە لە سنووری قەزای مەخموور و شاخی قەرەچوخ رایدەگەیەنێت: لەپێناو پاراستنی ژینگەی دەڤەرەكە، هەموو هەوڵێكمان داوە رێگری لە دیاردەی راوكردنی باڵندە و ئاژەڵی كێوی بكەین، ئاماژەی بەوەشكرد، هەر بۆ ئەو مەبەستە لەسەردانێكماندا بۆ بەغدا، وەزیری ژینگەی حكومەتی فیدراڵمان لە مەترسییەكانی سەر ژینگەی ناوچەكانی ماددەی 140 ئاگاداركردۆتەوە.
 غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە سنووری ماددەی 140 بەتایبەتی لە قەزای مەخموور و شاخی قەرەچوخ، جگە لە كێشە سیاسی و  ئەمنی و ئیدارییەكان، گرفتی ژینگەییمان هەیە، لە رێگەی راوكردنەوە هەوڵی لەناوبردنی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی دەدرێت.
وتیشی: بۆ ئەو مەبەستە ئێمە وەك پێشمەرگەی خۆبەخش، جگە لەجێبەجێكردنی ئەركی پاراستنی ناوچەكە لە تیرۆر، خەمخۆری پاراستنی ژینگەكەین و بەگوێرەی توانا رێگریمان لە دیاردەی راوكردن كردووە و لەوبارەیەوە توانیومانە پارێزگاری لە 450 ئاسك و ئاژەڵی كێوی بكەین و لە وەرزی هاویندا ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو باڵندە و ئاژەڵە كێویانە دابین بكەین.
ئاماژەی بەوەشكرد: دوا هەوڵیشمان بۆ پارێزگاری لە ژینگەی سنوورەكەمان، سەردانی بەغدامان كرد و لەگەڵ د.هەڵۆ عەسكەری وەزیری ژینگەی حكومەتی فیدراڵ كۆبووینەوە، لەو دیدارەدا جگە لەوەی وەزیری ژینگە دەستخۆشی لە پێشمەرگە خۆبەخشەكان و جووتیاران كرد، لە پاراستنی ژینگە و پشتیوانیی وەزارەتەكەی بۆ ئەو مەبەستە دووپاتكردەوە و بەڵێنی هاوكاریی پێداین.
تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان