بەبۆنەی دووەمین دیداری یەکێتییەوە، سەرۆک بافڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
یەکێتییە سەربەرزەکان، هەڤاڵانی سەرۆک مام جەلال و قوتابخانەکەی یەکێتی و شۆڕشی نوێی کوردایەتی.
ئەمڕۆ بە شانازی و رۆحیەتی بەرزی یەکێتییانەمانەوە، دووهەمین دیداری یەکێتیمان کردە وێستگەیەکی دیکەی رێکخراوەییمان بۆ جۆشدانەوەی گیانی یەکێتی بوونمان و خۆئامادەکردنمان بۆ رێکخستنەوە و گۆڕانکاریکردن لە پەیکەر و ستراتیژیی حیزب و نیشتمانیمان.
ئێوەی هەڤاڵان و کادرانی سەربەرزی یەکێتی بە بەشداری گەرموگوڕتان، بە سەرنج، پێشنیاز، تێبینی و رەخنەکانتان قۆناغێکی نوێ لە ژیانی یەکێتییەکەمان دەهێننە ئاراوە و پێکەوە خۆمان بۆ راپەڕاندنی ئەرکە چارەنووسساز و نیشتمانییەکان باشتر ئامادە دەکەین.
دڵنیابن پێکەوە بە رۆحیەتی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری و گەشەپێدانی چۆنایەتی، یەکێتی نوێتر و گەشاوەتر دەکەینەوە و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان رێکدەخەینەوە، بەرەو داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەل و خاکەکەمان هەنگاو دەنێین و رۆحی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانمان شادتر دەکەین و لەسەر رێباز و ئامانجی رەوایان بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێین.
لە دڵەوە سوپاسی هەڤاڵانی ئازیزم سەرپەرشتیاری گشتی، سکرتێری دیدار، لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی دەکەم کە دڵسۆزانە و پەرۆشانە بۆ یەکێتییەکی بەهێزتر ماندوو بوون لە رێکخستن و بەڕێوەبردنی دیدارەکەماندا و هەر بمێنن بۆ یەکێتییەکەتان.
بەرەوە یەکێتییەکی بەهێزتر
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان