لە یادی تاوانی بۆردومانی قەڵادزێدا کە رژێمی بەعسی ڕووخاو لە بەیانیی رۆژی 24ی 4ی 1974دا ئەنجامیدا، سەری ڕێز بۆ ڕۆحی پاکی گشت شەهیدانی ئەو کارەساتە دائەنەوێین کە بەشێکی زۆریان خوێندکار و مامۆستای زانکۆی سلێمانی بوون.
وەک تۆڵە سەندنەوەی ئەو تاوانە و بۆ ڕووبەڕووبونەوەی سیاسەتی ڕاگواستنی گوند و دێهاتەکان کە ڕژێمی بەعس لە سنووری ئەم قەزایە بەچڕی جێبەجێی دەکرد و بۆ بەرەنگاری سیاسەتەکانی بە بەعسیکردن و بەعەرەبکردن، لە ڕۆژی 24ی 4ی 1982 دا و لە هەشتەمین ساڵیادی تاوانی بۆردومانەکەدا جەماوەری شاری قەڵادزێ و بەسەرپەرشتی ڕێکخستنەکانی یەکێتی خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان ڕێکخست و توانیان دەستبگرن بە سەر چەندین مۆڵگەی دوژمندا، ئەم خۆپیشاندانە بووە خەباتێکی تری ئەو قۆناغە و بۆ چەندین رۆژ لە گشت شارەکانی تری کوردستانیشدا ئەنجام درا.
ئەمڕۆش لەم یادەدا بۆ بەزیندووڕاگرتنی ناوی شەهیدانی تاوانی بۆردومان و شەهیدانی خۆپیشاندان، بۆ بەرزڕاگرتنی رۆڵی جوامێری خەڵکی ناوچەکە، ئەرکی سەرشانمانە بەردەوامی بدەین بە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە جەماوەری قەڵادزێ.
درود بۆ رۆحی شەهیدانی بۆردومانی قەڵادزێ و گشت شەهیدانی رێگای تێکۆشان لەناوچەکەدا.
سڵاو لە جەماوەری قەڵادزێ کە هەمیشە پێشەنگی قۆناغەکانی خەبات بوون.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٤-٤-٢٠٢٥