هونەرمەندی پەیكەرساز فاروق عەبدولڕەحمان كەریم ساڵی 1971 لە سلێمانی لەدایكبووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانە.
فاروق عەبدولڕەحمان بە دوالاپەڕەی وت: كاری هونەری بە شێوەی زانستی و ئەكادیمی حەز و خولیام بووە، بەلای منەوە پەیكەرسازی سەركەوتوو ئەو كەسەیە كە هێڵكاری و ئاناتۆمی بە شێوەی ئەكادیمی بزانێت.
وتیشی: هونەر لەلای ئێمە نەیتوانیوە ژیان بۆ هونەرمەندان دابین بكات، لە ئەوروپا هەموو كارێكی هونەری بە فلتەردا دەڕوات و پارەی تایبەتی بۆ تەرخان دەكرێت، بەڵام كاری هونەری لە كوردستان هیچ بنەمایەك لەخۆ ناگرێت، هیوادارم هونەر لە كوردستان گرنگی پێبدرێت و رێز لە هونەر و هونەرمەندان بگیرێت.
لەبارەی ئەو پەیكەرانەی لە سلێمانی دروستیكردوون، وتی: پەیكەرەكان زۆرن لەوانە: لەدروستكردنی پەیكەری ئاسكەكانی كانێسكاندا بەشداربوو، پەیكەری ژن نیشتمانمە لە باخی گشتی دانراوە، پەیكەری دایك بە شێوازی ئەبستراكت، پەیكەری بەخشراو(حەمە گیان) لە باخی گشتی و دوو پەیكەری دیکەم لە بەردی گرانیت لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا هەن تا ئێستا پێشانگەی تایبەتم نەبووە.
ئالان محەمەد جەزا