چاپی دووەمی كتێبی (پوختەی رێنووس و خاڵبەندی) لە نووسینی دیاكۆ هاشمی بە تیراژی 1000 دانە، لەلایەن چاپخانەی رۆكسانا چاپ و بڵاوكرایەوە.
چاپی یەكەمی ئەم كتێبە ساڵی پار لە رۆژی جیهانی زمانی دایكدا لەلایەن ئەكادیمیای كوردییەوە چاپ و بڵاوكرایەوە كە هەر زوو لە لە بازاڕدا نەما.
پاش ساڵێك، كۆمەڵێك گۆڕانكاریی سەرەكی تێدا كرا و ناوەڕۆكەكەی دەوڵەمەندتر كرا و بۆ جاری دووەم چاپکرایەوە و خرایە بەر دیدی خوێنەران و هۆگرانی زمانی كوردی. ئەوەی پێویستە لێرەدا باسی بكرێت ئەوەیە كە نووسەر زۆر زانستییانە و دڵسۆزانە سەبارەت بە رێنووس و خاڵبەندی كوردی كاری كردووە و هەوڵی داوە تا رادەیەك كۆتایی بەو پاشاگەردانییە بهێنێت كە ئەمڕۆ لە دنیای نووسینی كوردیدا دەبیندرێت و هەر كەس خۆی كردووە بە زمانناس و زمانزان و بە مەیلی خۆی دەق دادەڕێژێت بە بێ ئەوەی گرنگی بە رێنووس و خاڵبەندی بدات.
ئەم كتێبە سەرچاوەیەكی گرنگ و متمانەپێكراوە بۆ هەموو نووسەر و خوێندكار و مامۆستایان.
جەواد حەیدەری