لە چوارچێوەی بەرنامەی کارەکانی یەکەمین رۆژی دووەمین دیداردا کە دوێنێ لە هۆڵی وەرزشی پێشمەرگە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیبەیتێکی راشکاوانەدا رۆشنایی خستە سەر قۆناغی ئێستای خەبات و پێگەی ی.ن.ک لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، باشووری کوردستان، عیراق، ناوچەکە و نێودەوڵەتی.
لەو رووەشەوە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داهێنانی نەریتی دیدار لە یەکێتیدا بەراورد بە حزب و لایەنی دیکە کە لەژێر گوشاری کۆمسیۆندا کۆنگرە و پلینیۆم دەبەستن، سەرۆک بافڵ وتی: لەبەرئەوەیە کە یەکێتی لە هیچ حزبێکی تر ناچێت و یەکێتی بڕیاریداوە بەخێرایی بجووڵێت و دەشتوانێت وابکات، روونیشیکردەوە سەردەمی ئەوە بەسەرچووە ئێمە لەسەرەوە 10 – 12 کەس لە ژوورێکدا کۆببینەوە و بڕیار لەسەر چارەنووسی خەڵک بدەین، بەڵکو ئەوە ئەم کادرانەن لەناو خەڵکدا و دەزانن خەڵک چی دەوێت و پێویستیان بە چییە؟، ئێمەش بڕیارمانداوە کە حزبێک بین بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەمان و رەنگە هەندێک بابەت ئێمە درکی پێ نەکەین، لەمانەوە فێرببین.
یەکێتی دەیەوێت لە رێگەی دیدار و بەستنی کۆنگرەی بەردەوامەوە، هەمیشە گۆڕانکاریی بکات و خۆی نوێ بکاتەوە و ئامادەکاریی بکات بۆ قۆناغی داهاتووتر
سەرۆکی یەکێتی وتیشی: یەکێتی دەیەوێت لە رێگەی دیدار و زوو زوو بەستنی کۆنگرەوە هەمیشە گۆڕانکاریی بکات و خۆی نوێ بکاتەوە و ئامادەکاریی بکات بۆ قۆناغی داهاتووتر، بۆیە لێرەدا بەم هەڤاڵانە دەڵێم بەردەوام بن و زیاتر خۆتان ماندوو بکەن، ئەمە مەترسی نییە لەسەر هیچتان، بەڵکو دەرفەتێکە کە دەتوانن هەمووتان رۆڵی خۆتان ببینن لە سەرخستنی زیاتر و نوێکردنەوەی یەکێتییەکەتاندا. لە هەندێک حزبی تردا یەک کەس بڕیار دەدات و ئەوانی تر جێبەجێی دەکەن، بەڵام ئێمە جیاواز لە هەموو حزبەکانی دیکە کادرەکانمانن بڕیاردەدەن.
لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەشدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای یەکێتی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی هەرێم و کوردستان بەگشتی و عیراق و پەیوەندییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیکردەوە لەوەی ئێستا یەکێتی پەیوەندییەکانی زۆر بەهێزە و ئەوەی لەماوەی رابردوودا کاک دەرباز لە پەیوەندییەکاندا کردوویەتی هەرگیز نەکراوە، چونکە ببینن ئەوە یەکێتییە هاوکات پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئێران و ئەمریکاش زۆرباشە. لە بەغداش پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆربەی هەرەزۆری لایەنەکاندا هەیە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو وڵاتاندا باشە، هەر لەم ماوەیەی رابردوودا وەک هاوسەرۆکی رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی گەورەی وەک سۆشیالیست ئینتەرناسیۆنال هەڵبژێردراوم، بۆیە تکایە هەرگیز مەڵێن بافڵ وایکرد و ئەمەی کرد و ئەوەی کرد، ئەوە ئێوەن ئەوەتان کرد چونکە یەکێتی مەکینەیەکی گەورەیە، بافڵ پارچەیەکی ئەو مەکینەیەیە، رەنگە پارچەیەکی گرنگتر بێت.
لەسەر هیچکام لەو دروشمانە سازشمان نەکردووە و نایکەین کە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەمانوت و ئەوەی وتوومانە جێبەجێی دەکەین
روونیشیکردەوە کە یەکێتی تاکە هێزە بۆ خزمەتی هەموو گەلی کوردستان دروستبووە و هیچ حزبێک نییە توانیبێتی یان بتوانێت لە یەکێتی باشتر خزمەت بە خەڵکی کوردستان بکات، چونکە وەک مام جەلال دەیوت: یەکێتی حزبی خانووە قوڕەکانە.
لەبارەی رۆڵی نەتەوەیی و نیشتمانیی یەکێتیشەوە، تەئکیدیکردەوە لەسەر ئاستی کوردستانی تاکە حزبە هاوکاریی و پشتیوانیی کوردستانیانی هەرچوار پارچەی کوردستانی کردووە و خوێنی بۆ بەخشیووە و دەستی بە خوێنی کوردی هیچ پارچەیەکی کوردستانی سوورنەبووە. لەسەر ئاستی عیراقیش روونیکردەوە ئەوە یەکێتییە حسابی بۆ دەکرێت و قسەی دەڕوات.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: راستە ئەگەر ئێمە یەکێتیی ئێستا بە رابردوو بەراورد بکەین هەنگاوی زۆرمان بەرەو سەرکەوتن ناوە، لەدوای یەکەمین دیدار و پێنجەمین کۆنگرەوە، راستە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقدا لەسەر ئاستی هەموو ناوچە دابڕێنراوەکان، یەکێتی حزبی ژمارە یەک بوو، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا یەکێتی هەم دەنگەکانی زیادیکرد و هەم کورسییەکانیشی و بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو بە رێژەی 93 ٪ دەنگەکانی زیادیکرد، بەڵام من ئەوەم بەلاوە باش نییە، دەبوو باشتربێت.
سەرۆکی یەکێتی پێداگریشی کرد لەوەی کە دەبێت هەوڵی زیاتر بدەن بۆ سەرکەوتنی باشتری یەکێتی، چونکە بینیتان ئەوە کاری ئێوەبوو یەکێتی توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە دانانی سەرۆک کۆمار، لە دانانی پارێزگاری کەرکوک بەو هەموو تەحەدییە گەورانەی لەبەردەم ئەو دوو پرۆسەیەدا بوون، ئەوە بافڵ نەیکرد، ئەوە ئێوە بە کادران، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر کردتان، کەواتە ئەگەر باشتر کاربکەن و هەوڵ بدەن، سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دەهێنن، بۆیە هەوڵ بدەن بەردەوام بن.
سەردەمی ئەوە بەسەرچووە ئێمە لەسەرەوە 10 – 12 کەس لە ژوورێکدا کۆببینەوە و بڕیار لەسەر چارەنووسی خەڵک بدەین، بەڵکو ئەوە ئەم کادرانەن لەناو خەڵکدا و دەزانن خەڵک چی دەوێت و پێویستیان بە چییە؟
وتیشی: زۆر پێمان دەوترێت تێکۆشەر و سەرکردە دێرینەکان لە یەکێتی زویرن و دوورکەوتوونەتەوە، بەڵام ئەوەی دەیبینین پێچەوانەی ئەوەیە کە ئەو هەموو سەرکردە و تێکۆشەرە دێرینە لێرەن و لە کۆنفرانسەکاندا ئامۆژگاریی و رێنماییان داوە، دەشێت یەک دووانێک زویربن و لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا نەبن، بەڵام ئەگەر ئێوە باش کاربکەن لە ئۆرگانەکاندا ئەگەری هەیە ئەوانەش بیروبۆچوونیان بگۆڕێت و بگەڕێنەوە و کاربکەن، وتیشی: ئاساییشە ئەگەر وابێت، چونکە ئەوە سروشتی یەکێتییە، با قسەش بکەن، یەکێتی لە تۆپ و فڕۆکەی بەعس و سەدام و لە چەکی داعش سڵی نەکردووەتەوە، ئێستا لە قسە سڵ ناکاتەوە ئاساییە.
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا یەکێتی لە هەموو کاتێک یەکڕیزتر و یەکدەنگترە و روونیکردەوە جاران لە کۆبوونەوەیەکی لەم جۆرەدا هەر کوتلە و شارێک بەجیاجیا دادەنیشتن، بەڵام ئێستا دەبینین هەمووان پێکەوەن و کە بڕیاریش لەسەر بابەتێک دەدەین موناقەشەی زۆری لەسەر دەکەین و هەموومان پێکەوە بڕیار دەدەین، جەختیشیکردەوە لەسەر هیچکام لەو دروشمانە سازشمان نەکردووە و نایکەین کە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەمانوت و ئەوەی وتوومانە جێبەجێی دەکەین.
ئامادەکردنی: هەواڵ و راپۆرت