زوها حەدید خانمی باڵەخانەكان

تێڕوانینێك لە باشترین تەلارسازەكانی عیراق

10:47 - 2025-04-28
ڕاپۆرت
108 جار خوێندراوەتەوە
زوها حەدید

ئا:كارمەند هۆشیار محەمەد

زوها حەدید لە (31/10/1950) لە شاری بەغدا لە دایكبووە، كچی ئابووریناسی للیبرالیی عیراقی (محەمەد حەدید)ە  كە لە ساڵانی پەنجەكانی سەدەی رابردوودا وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی عیراق بووە. هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانییە و  لە پلەی (68)ی ریزبەندی ژنە هەرە بەهێزەكانی جیهاندایە.
خوێندن و خوێندنی باڵا
زوها حەدید لە ساڵی 
(1971)دا بەشی (ماتماتیك)ی لە زانكۆی ئەمریكی لە بەیروت تەواو کردووە، لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا بە تەواویی لە لەندەن جێگیر دەبێت، پاشان بەشی تەلارسازی لە (پەیمانگەی هونەری تەلارسازی) تەواو دەكات، لە ساڵی 
(1977)ەوە  دەبێت بە مامۆستای زانكۆ لە هەمان بەش، پاشان دەچێتە نێو كۆمەڵەی تەلارسازان، لەوانە (ریم كولهاس، ئیلیا زەنگالیس، پاتریك شوماخر، برناردچومی، ریچارد رۆگیگس) كاری كردووە،  هاوتەریب لەگەڵ نوسینگەی (المیترۆپۆلیتان).
هاوکات لە ساڵی (1983) دا بەشداری پێشبركێیەكی تەلارسازی دەکات لە هۆنکۆنگ كە پڕۆژەكە بریتی بوو لە كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون، لە ساڵی 1993 دا جێبەجێكرا و لەو پڕۆژەیەدا توانی هەستێکی هونەریی تەلارسازی بەكاربهێنێت و كاریگەر بێت، بە هونەری هەڵکۆڵین و نیگارکێشی جیهانی (مالیفیج).  
وەك مامۆستای زانكۆ 
زوها حەدید وەكو مامۆستای تەلارسازی لە زانكۆكانی ئەمریكا و  ئەوروپا وانەی وتووەتەوە لەوانە (هارڤارد، شیكاگۆ، هامبۆرگ، ئۆهایۆ، نیوۆرك، یێڵ، كۆڵۆمبیا).
ئەم خانمە تەلارسازە لە تەلارسازیدا کاری تەقلیدی و كلاسیكی رەتدەکردەوە، شێوەی پێویست و نوێی هێنایە ناو بیناسازییەوە،  دیزاینەكانی بە (مەنتیق ) جیادەكرێنەوە.
رەخنەگران پێیانوایە ستایلی زوها حەدید لە تەلارسازیدا سەر بە (قوتابخانەی تەفكیكییە) كە ئەم قوتابخانەیە فیكری و ئەدەبی و هونەری بوو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا سەریهەڵدا و ژمارەیەكی زۆر لە تەلارسازە گەورەكان لەسەر ئەم شێوازە بەردەوام بوون لەوانە: (پیتەر ئیزنمان، فرانك گیری، دانیال لبیسكید، برناردچومی...هتد).
بە چ تەلارسازێك كاریگەرە؟
زوها حەدید لە لایەكەوە بە تەلارسازی بەرازیلی (ئۆسكار  نیمایر) كاریگەرە بەتایبەتی (الاحساس بالمساحة‌ واتا هەستكردن بە رووبەر)، لە لایەكی ترەوە كاریگەرە بە (قوتابخانەی باوهاوس) كە قوتابخانەیەكی تەلارسازییە لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا بەناوبانگ بوو، هەروەها ئەم ژنە تەلارسازە كاریگەر بووە بە رەوتی (constructivists)  كە لە شاری مۆسكۆ لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە سەریهەڵدا.

خەڵاتەكان
*زوها حەدید چەندین بروانامەی رێزلێنانی لەلایەن تەلارسازە هەرە  بەناوبانگەكانی جیهانەوە پێ بەخشراوە لەوانە: تەلارسازی ژاپۆنی (كاینزۆ تانگ).
* مەدالیای زێری لە تەلارسازیی شاری  لەندەن لە ساڵی 1982   وەرگرتووە.
* خەڵاتی  تەلارسازیی (ئریك شلنك) لە تەلارسازییدا ساڵی 1994 پێبەخشراوە. 
*خەڵاتی ئیمپراتۆری بەریتانیا ساڵی 2002 وەرگرتووە.
*خەڵاتی نەمسا لە تەلارسازییدا بۆ ساڵی 2002، لەگەڵ خەڵاتی یەكێتی ئەوروپا بۆ ئەندازیاریی تەلارسازیی مۆدێرن ساڵی 2003 پێبەخشراوە.
*خەڵاتی بریتزكر، (كە بە خەڵاتی نۆبڵی بواری تەلارسازیی ناودەبرێت) ساڵی 2004  دا وەریگرتووە .
ئەم خانمە تەلارسازە دواجار لە (31/3/2016) بەهۆی نەخۆشی دڵەوە كۆچی دوایی كرد و مرۆڤایەتی گەورەترین تەلارسازی لە دەستدا .

* ئەندازیاری تەلارسازی 

 

یەکێک لە دیزایینەکانی ئەندازیار زوها حەدید لە هۆنگ کۆنگ

بابەتە پەیوەندیدارەکان