عیراق و فەرەنسا، ئاشتی و سەقامگیری پتەودەکەن

11:27 - 2025-06-11
جیهان
47 جار خوێندراوەتەوە

لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانووسەکان، دوێنێ، سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی فەرەنسا کۆبوونەوە و هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە بابەتەکانی کارنامەی کۆنفرانسەکە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار سوپاسی ئیمانوێل ماکرۆنی کرد بۆ بانگهێشتکردنی بۆ بەشداریکردن لە سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانووسەکان و پەرۆشیی خۆشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە نایابەکانی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی بۆ ئاستێکی پێشکەوتووتر و پەرەپێدانی ئامرازەکانی هاریکاری بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو گەلی دۆست بکات، لەگەڵ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە بابەتەکانی کارنامەی کۆنفرانسەکە و راسپاردەکانی سەبارەت بە پاراستنی زەریاکان و سەرچاوە ئاوییەکان لە پیسبوونی ژینگە و چالاککردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە.
سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەسەر قووڵی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرۆشیی بەردەوامی فەرەنسا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش کردەوە و ستایشی رۆڵی سەرۆک کۆماری کرد لە پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانەکان لەگەڵ وڵاتەکەیدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان