دیداری/ ئەسرین محەمەد
جیاواز لە رۆژانی ئاسایی، ساڵانە لە بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکاندا رێژەیەکی زۆر گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەمەش وایکردووە دەستەی گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە ئامادەکاری بۆ هاتنی گەشتیاران بکەن، لە دیدارێکدا بۆ کوردستانی نوێ ئیبراهیم عەبدولمەجید وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان باس لە زیادبوونی رێژەی هاتنی گەشتیاران، وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریی و رۆڵی کەرتی تایبەت و حکومی دەکات لە بوژاندنەوەی ئەو سێکتەرەدا.
* رێژەی هاتنی گەشتیار لە رۆژانی جەژنی قوربان لە چ ئاستێکدا بوو؟
- لەسەر ئاستی حکومی و کەرتی تایبەتیش ئامادەکاریمان کردبوو بۆ هاتنی گەشتیار لە رۆژانی پشووی جەژنی قورباندا، پێشبینیمان کردبوو 300 هەزار گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم بکەن، بەڵام پشتبەست بەو فیدباک و زانیارییانەی لە لیژنە مەیدانییەکانی خۆمان و ناوچە گەشتیارییەکانەوە وەرمانگرتووەتەوە رێژەی هاتنی گەشتیار زۆر لە پێشبینییەکەی ئێمە زیاتر بووە، واتا ژمارەی هاتنی گەشتیار لە رۆژانی جەژنی قورباندا 300 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و ناوچە گەشتیارییەکان پڕبوون لە گەشتیار و تەواوی شوێنەکانی مانەوە گیرابوون، ئەوە دڵخۆشکەربوو و دەتوانین بڵێین جەژنێکی نموونەییمان بەڕێ کردووە لە رووی هاتنی گەشتیارانەوە.
*لیژنەکانی چاودێریی چۆن ئاگاداری ناوچە گەشتیارییەکان بوون بۆ رێگریی لە قۆرخکاری، ئایا سەرپێچی تۆمارکراوە؟
-لەسەر ئاستی چوار پارێزگا و چوار ئیدارەی سەربەخۆ ژمارەیەک لیژنەمان پێکهێنابوو بە بەرپرسیارێتی جیاواز، بۆئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە بکەن، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانیان رێگەگرتن بوو لە قۆرخکاریی، خۆشبەختانە ئەنجامەکان دەریخستووە بەرزکردنەوەی نرخ تەنها حاڵەت بووە و خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکان لەوە گەیشتوون بەرزکردنەوەی نرخ لە قازانجی کەرتەکە و خۆشیاندا نییە، سکاڵایەکی ئەوتۆمان بە دەست نەگەیشتووە لەسەر قۆرخکاری، بەڵام لە رێگەی لیژنەکانمانەوە چەند شوێنێک ئاگادارکراونەتەوە لە رووی کوالێتی خزمەتگوزاریی و ژینگەپارێزییەوە، زۆر دڵخۆشین کە کەرتی تایبەتمان سزا نەداوە ئەوە دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە هەماهەنگییەکی باش لەنێوان کەرتی تایبەت و حکومیدا هەیە.
*بەپێی زانیارییەکانتان زۆرترین گەشتیار رووی لە چ پارێزگایەک کردووە؟
- ئەوەی جێی خۆشحاڵییە تۆبۆگرافیای هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک هەڵکەوتووە هەموو پارێزگاکان ناوچەی گەشتیارییان هەیە و گەشتیاران دابەش دەبن بەسەر سەرانسەری هەرێمدا، دەستەی گەشتوگوزاریش بە بەرنامە کار لەسەر ئەوە دەکات گەشتیاران بە تەنها روو لە سەنتەری شارەکان نەکەن، بەڵکو بچنە دەرەوەی شارەکان و شوێنە دوورە دەستەکانیش، بۆئەوەی کەرتی گەشتیاریی هەموو ناوچەکان ببوژێتەوە و هەلی کاریش بۆ دانیشتووانی هەموو ناوچەکان بڕەخسێت بەهۆی ئەو کەرتەوە، بەڵام ئەگەر لەسەر ئاستی پارێزگا باس بکەین بەوپێیەی هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانە و وەک هەموو وڵاتان بەردەوام پایتەخت زیاتر چاوی گەشتیاری لەسەرە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر براند و هۆتێلی پێنج ئەستێرەی لێیە، ئەمە وایکردووە ژمارەی گەشتیاران لە هەولێر لە پێشەوەی شارەکانی دیکەبێت دواتر سلێمانی دێت و دوای ئەویش دهۆک و پاشان هەڵەبجە.
*ئەو گەشتیارانەی روو لە هەرێم دەکەن زۆرترینیان لە کوێوە دێن؟
- لە تەواوی ساڵدا رێژەی ٪25 ی ئەو گەشتیارانەی روو لە هەرێم دەکەن گەشتیاری نێودەوڵەتین، واتە ئەو کەسانەی لە دەرەوەی عیراقەوە دێن، جا گەشتیاری وڵاتانی دراوسێ بن یاخود وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکە، بەڵام پەیوەست بە بۆنەکان زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی روو لە هەرێم دەکەن لە ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە دێن پاشان گەشتیارانی وڵاتانی دراوسێ، ئێران بە پلەی یەکەم و پاشان تورکیا و دواتر وڵاتانی دیکە.
*وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریی هەرێم لە چ ئاستێکدایە؟
- لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کەرتی گەشتیاریی لەپاڵ سێکتەرەکانی دیکەی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا کرایە ئەولەویەت و لە ماوەی پێنج ساڵی ئەو کابینەیەدا بە قەبارەی حەوت ملیار و زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە سێکتەری گەشتیارییدا کراوە، بە شێوەیەک رێژەی ٪42 کۆی وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیارییدا بووە، تەنها ساڵی رابردوو 28 پرۆژەی گەورە و ستراتیژیی گەشتیاریی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا کراون، کەرتی گەشتیاریی لە هەرێم لە رووی ژێرخانەوە بە وەرچەرخانێکی مێژووییدا تێپەڕیوە و زیادبوونی هاتنی رێژەی گەشتیاران گەواهیدەری ئەو راستییەن، بەڵام هێشتا چاومان لە زیاترە و بەو هیوایەین لە کابینەی دەیەمدا زیاتر گرنگیی بەم کەرتە بدرێت و گەشبینین بەوەی کەرتی گەشتیاریی ببێتە جێگرەوە کەرتی نەوت و بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی پێ ببەسترێت لە رووی داهاتەوە.
*کەرتی تایبەت بە چ رێژەیەک رۆڵی هەبووە لە بەرەوپێشچوونی کەرتی گەشتیارییدا؟
- ئەو وەبەرهێنانەی لە کەرتی گەشتیارییدا کراوە هەمووی پرۆژەی کەرتی تایبەت بووە و ئەو کردویەتی، بە کردنەوەی جۆرەها هۆتێل و رێستۆرانت. کەرتی تایبەت رۆڵێکی ئێجگار گەورەی لە بەرەوپێشچوونی کەرتی گەشتیارییدا هەیە و بە بڕبڕەی پشتی ئەو سێکتەرە دادەنرێت و مایەی خۆشحاڵییە.
حکومەت زیاتر لە پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی گەشتیارییدا رۆڵی هەبووە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی یاخود چاککردن و لێدانی رێگەوبانی نوێ بۆ شوێنە گەشتیارییەکان، ساڵی رابردوو بڕی سێ ملیار دیناری بۆ ئەو بوارە خەرجکردووە، هەروەها لەگەڵ رێکخراوی UNDP سەرقاڵی ئەوەین ستراتیژێکی تایبەت بە گەشتوگوزاری ژینگەیی بنووسینەوە کە گرنگیدان بە بەنداوەکان بەشێکی گرنگی ئەو ستراتیژە دەبێت.
*گەشتیاران تا چەند پابەندی پاراستن و خاوێن راگرتنی ژینگەن؟
- بەردەوام هەوڵی ئەوەمانداوە گەشتیاران لە ئاستێکی بەرزی هۆشیاریی ژینگەییدابن، لە رێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە رێبەری ژینگەیی گەشتیاریی دەدەینە گەشتیاران و بەردەوام دەستەی پاراستنی ژینگە و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کەمپەینی پاراستنی ژینگەیان هەیە، بەڵام دەکرێت دان بەوەدابنێین لەو بوارەدا زۆر سەرکەوتوو نەبووین و گەشتیاران وەک پێویست پابەندی پاراستنی ژینگە و پاکڕاگرتنی نابن، کەناڵەکانی راگەیاندنیش وەک پێویست هاوکار نەبوون بۆ هۆشیارکردنەوە.
*چەند کۆمپانیای گەشتیاریی لە هەرێم هەیە؟ کاریان تەنها هێنانی گەشتیارە یان بردنە دەرەوەش؟
- لە هەرێمی کوردستان 600 کۆمپانیای گەشتیاریی تۆمارکراومان هەیە، بەڵام بە داخەوە ژمارەیەکی کەمیان گەشتیار دەهێننە هەرێم، زۆرینەیان هاووڵاتیانی هەرێم بۆ گەشت دەبەنە دەرەوە.
ئەو کۆمپانیایانەی زیاتر گەشتیار دەهێننە هەرێم ئەوانەن کە لە ناوەڕاست و باشووری عیراق تۆمارکراون کە زیاتر لە 200 کۆمپانیان و بەردەوام گەشتیار دەهێننە هەرێم، بەڵام ئێستا خەریکی رێکخستنەوەین و دەمانەوێت بە کەمکردنەوەی رسومات وا لە کۆمپانیاکانی ناوخۆ بکەین چۆن گەشتیار دەبەنە دەرەوەی هەرێم ئاواش گەشتیار بهێننە ناو هەرێم و بازاڕگەریی بۆ کەرتی گەشتوگوزاریی هەرێم بکەن.