گەورەترین پاركە و رووبەرەكەی 100 دۆنم زەوییە

شارەوانیی كەركوك: پرۆژەكە بەشێوەیەكی مۆدێرن جێبەجێ دەكرێت

11:34 - 2025-06-11
عیراق
45 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە رێوڕەسمێكدا، پارێزگاری كەركوك، بەردی بناغەی دروستكردنی گەورەترین پاركی نموونەیی بە رووبەری 100 دۆنم زەوی لە دەروازەی كەركوك-سلێمانی دانا، بەڕێوەبەری شارەوانیش رایدەگەیەنێت: بڕی هەشت ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە و دەبێت لە ماوەی 300 رۆژدا، تەواوبكرێت.
لەبارەی پرۆژەكەوە، ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئیدارەی خۆجێیی ئێستای كەركوك بایەخ و گرنگییەكی زۆر بە ژینگە و زیادكردنی پانتایی سەوزایی و جوانكردنی سیمای شار دەدات، كە جێبەجێكردنی ئەو پاركەش لەو چوارچێوەیەدایە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە درەختەكانی پاركەكە لە جۆری ئەلبیزیا، ئەكاسیا و سەروی هەرەمی-ن، بەشێوەیەكی گشتیش پاركەكە رووبەرێكی زۆری سەوزاییە و شوێنی پشوودان، یاریی منداڵان، پاركی ئۆتۆمبێلی تێدایە و بەشێوەیەكی پێشكەوتووش سیستمی ئاودێرییەكەی بۆ دادەنرێت و ئاوی پێویستیشی بۆ رادەكێشرێت و لەگەڵ تەواوبوونی پرۆژەكەشدا ستافی پێویستی بۆ دادەنرێت.
باسی لەوەشكرد كە ئەوەی جێگەی دەستخۆشییە ئەوەیە ئیدارەی ئێستای كەركوك لەگەڵ دروستكردنی هەر پڕۆژەیەكی سەوزایی، لایەنە پەیوەندیدارەكان رادەسپێرێت كە خزمەتی پڕۆژەكە بكەن و هەر لایەنێكیش كەمتەرخەم بێت، تووشی لێپرسینەوە دەبێت.
كەركوك، هێمن ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان