جانگ هۆسۆک-ی ناسراو بە جەی هۆپ گۆرانیبێژی کەی پۆپی کۆریای باشوور و ئەندام و راپەری گروپی میوزیکی بەناوبانگ (BTS)، لە سەرەتای ئەمساڵدا دوای گەڕانەوەی لە خزمەتی سەربازی ئەلبوومێکی نوێ و لە مانگی مارسیشدا لە شێوەی کلیپ دوو گۆرانی بڵاوکردەوە، بە ناوەکانی (مۆنالیزا و سویت دریمز) هاوکات گەشتێکی میوزیکیی ئەمریکی دەستپێکرد، کە گرنگترینیان ئەوە بوو بۆ یەکەمجار لە مێژووی کەی پۆپدا لە یاریگای (BMO) لە لۆس ئەنجلۆس کۆنسێرتێکی ساز کرد، تکتەکانی ئاهەنگەکە لە ماوەی دوو رۆژدا هەمووی فرۆشران، کە بڕی 48 هەزار تکت دەبوو، بۆ هەر شەوێک 24 هەزار کەس ئامادەی کۆنسێرتەکە بوون.
لەو ئاهەنگانەدا جەی هۆپ نمایشێکی بێوێنەی پێشکەش کرد، هەر لەو گۆرانییانەی تایبەتن بەخۆی لەگەڵ هەندێک گۆرانی گروپەکەشی پێشکەش کردەوە، بە توانا ناوازەکەی بۆ سەماکردن و گۆرانی وتن ئامادەبوان و میدیاکانی سەرسام کرد، دوای تەواوبوونی ئاهەنگەکانی ئەمریکا، جەی هۆپ گەشتێکی میوزیکیی ئاسیایی دەستپێکردووە بە ناوی
(HOPE ON THE STAGE- هۆپ لەسەر ستەیج) کە سنگافورە و تایلەند و سایتاما و بانكوك و ماكا و چەندانی دیکە دەگرێتەوە و تائێستا بەردەوامە.
ئەوەی جێی باسە گۆرانی (مۆنالیزا) کە مانگێکە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە تا ئێستا 24 ملیۆن ڤیوی تۆمار کردووە، هەروەها گۆرانی (سویت دریمز) کە دوێتێکە لەگەڵ میگێل-ی گۆرانیبێژی ئەمریکی بە رەچەڵەک ئەفریقیی، لە یوتیوب 25 ملیۆن ڤیوی تێپەڕاند.
ئا: دڵان سامان