ڕێبازی نوێ، وەرزنامەیەكی فیكری سیاسییە، مەڵبەندی دیراساتی گشتی دەریدەكات.
ژمارەی(3)ی وەرزنامەكە چەندین بابەتی فیكری و سیاسی لەخۆگرتووە، لەوانە: دیداری حزب رێبازێكی نوێ بۆ بەشداریكردن و بڕیاردان، پەیوەندیی سیاسی و دۆزی كورد، لەبارەی دیموكراسییەتی حزبییەوە، دوای نیوسەدە لە هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول، لاپەڕەیەك لە وێستگەی فیكری مام جەلال، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، فیدرالیزم مۆدیڵێكی گونجاو بۆ عیراق، بەشداری ژنان لە سیاسەتدا، گرنگیی گەشەپێدانی توانای كادیری حزبی، دیپلۆماسییەتی كەلتوری، سیاسەتی سۆشیال دیموكراتی سوید بۆ كەرتی تەندروستی، دەستڕۆیشتوویی گەردوونیی لە هەمبەر تاوانە نێودەوڵەتییەكاندا، تاوانەكانی میدیا.
فەرید ئەسەسەرد سەرنووسەری وەرزنامەكە، لە بابەتێكدا بە ناونیشانی (راپەڕینی 1991 وەرچەرخانێكی مێژووییە) نووسیویەتی: بە دڵنیاییەوە راپەڕینی 1991 بە وەرچەرخانێكی مێژوویی دەژمێردرێ، كوردستانی پێش راپەڕین، كوردستانی راگواستن و تەعریب و وێرانییە، كوردستانی پاش راپەڕین، كوردستانی ئازادی و دیموكراسی و ئاوەدانییە، كاریگەریی راپەڕین هەر بەمە داناكەوێ، تەنانەت رووخانی رژێمی عیراقیش، یەكێ لە لێكەوتەكانی راپەڕینە.
ئەسەسەرد باسی لەوەشكردووە كە هەموو رووداوە گرنگەكانی مێژوو، لەوانە: شۆڕش و راپەڕینەكان بۆ ماوەی دەیان ساڵ جێپەنجەیان بەسەر رووداوەكانی ئایندەوە دیار دەبێت و هەر بە هۆی ئەوەشەوە بە وەرچەرخانی مێژوویی ئەژمار دەكرێن.
د. یوسف گۆران لەبابەتێکدا نووسیویەتی: رووداوە خێراكان پێویستیان بە هەڵوێستی یەكگرتووە و روانگەیەكی یەكگرتوو هەیە، هەر بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رێگەی ئەم دیدارەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات، بۆ ئەوەی تاكەكان تەنیا ئەندامی رێكخراوێكی سیاسی نەبن، بەڵكو بەشێك بن لە پرۆژەیەكی فیكری و سیاسی كە دید و ئامانجێكی روونیان هەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە ئامانجی سەرەكی دیدارەكە تەنیا بڕیاردانی حزبی نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە كادیرانی حزب بەشداری لە داڕشتنی ئەو بڕیارانەدا بكەن و چیتر ناكرێ بڕیارەكان لە بازنەیەكی تەسكی سەركردەكاندا سنووردار بكرێن، بەڵكو هەموو تاكێكی ناو حزب رۆڵی هەبێت لە نەخشەڕێگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
باشیلا جەعفەر