سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای كەركوك، رایدەگەیەنێت: دوای راوێژكردن لەگەڵ كەسانی پسپۆڕ، بڕیاریانداوە بازگەكانی كەركوك-چیمەن، كەركوك-دارەمان لەسەر رێگەی هەولێر و بازگەی سمایل بەگ لە نزیك چێشتخانەی میدیا و بازگەی كەركوك-بەغدا، لاببرێن.
رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگایە، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، زانیاری لەبارەی هۆكاری لابردنی بازگەكان خستەڕوو و وتی: بازگەی كەركوك-چیمەن، دەبرێتە ناحیەی قەرەهەنجیر، بازگەی كەركوك-دارەمان دەبرێتە ناحیەی پردێ، بازگەی كەركوك-بەغدا دەبرێتە نزیكەی قەزای داقوق و هۆكارەكەشی ئەوەیە نابێت بازگە لەنزیك ناوەندی شار بێت.
پارێزگاری كەركوك، وتیشی: هاووڵاتیان نیگەران بوون لە هەڵسوكەوتی بەشێك لە بازگەكان، جگەلەوەش ببوونە كێشە و گرفت بۆ هاووڵاتیان بەتایبەتی بۆ دانیشتووانی ناوچەكانی چیمەن، حەسار، سەقزلی و دەوروبەری و تەنانەت بۆ جووتیارانی ئەو ناوچانەش، كە لە پێشووتردا رێگریی لە جووتیاران كرابوو لە هێنانی بەرهەمەكانیان بۆ ناو شار، بەبیانووی ئەوەی نووسراوی رەزامەندییان پێنییە، جگەلەوەش چەندین كاری نایاساییان بەرامبەر هاووڵاتیان و كاسبكاران كردبوو.
هێمن ئەحمەد