د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند كرد كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند كرا و مەرسومی كۆماری بۆ دامەزراندنی پارێزگاكە دەركرد.
دوێنێ، لە رێوڕەسمێكدا لە كۆشكی بەغدا، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و بەرپرسان و نوێنەرانی كەسوكاری شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە، نزار محەمەد سەعید لێپرسراوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا، یاسا پەسەندكراوەكەی وەرگرت و نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت، مەرسومی سەرۆكایەتی وەرگرت.
لە رێوڕەسمەكەدا، سەرۆك كۆمار جەختی لەوە كردەوە، سەرۆكایەتیی كۆمار لەگەڵ سەرجەم لایەن و هێزە سیاسییەكان هەوڵیداوە بۆ خێراكردنی پەسەندكردنی یاسای گێڕانەوەی دادپەروەری بۆ خەڵكی شارەكە و دڵسۆزی بۆ خوێنی شەهیدان، دووپاتیشی لە پێویستی تەواوكردنی رێوشوێنی یاسایی و ئیداری پێویست كردەوە لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكی هەڵەبجە، سەرۆكایەتیی كۆماریش بەردەوامە لە پەسەندكردنی یاساكان كە لەبەرژەوەندیی وڵات و هاووڵاتیاندا بێت.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەدا، پارێزگای هەڵەبجە سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدان و بوێری و تێكۆشانە دژ بە رژێمە دیكتاتۆرەكان، دووپاتی لە قەرەبووكردنەوەی خێرای زیانەكانی سیاسەتەكانی رژێمی پێشوو و گرنگیدان بە لایەنە خزمەتگوزاری و ئابووری و شارستانییەكان، كردەوە.
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، سەرۆك كۆمار ئەو پێنووسەی كە بڕیارەكەی پێ ئیمزا كرد، پێشكەشی نوێنەرانی خەڵکی هەڵەبجە كرد و سەعات 11و سی و پێنج دەقیقەش بۆ ئیمزاكردنی یاسا و مەرسومەكە دیاری كرا كە هاوكات بوو لەگەڵ كاتی بۆردوومانكردنی پارێزگای هەڵەبجە بەچەكی كیمیایی لە 16/3/1988.