بڕیارە مانگی تەمموزی ئەمساڵ یەكەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی (زارێ) بە هاوبەشی دەزگای میدیایی كوردسات بەڕێوەبچێت.
ئیڤان فەیسەڵ سەرۆكی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی زارێ بە دوالاپەڕەی وت: مانگی تەمموزی ئەمساڵ یەكەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی زارێ لە هەرێم بەڕێوەدەچێت و ماوەی شەش رۆژ دەخایەنێت.
وتیشی: هەر لە ئێستاوە فۆڕمی بەشداریكردن ئامادەکراوە بۆ سینەماكاران و ئەو گەنجانەی كە خولیای دروستكردنی فیلمیان هەیە و دەتوانن لە رێگەی وێبسایتەكانی زارێ-وە فۆڕمی بەشداریی پڕ بکەنەوە و بیرۆكەكانی خۆیان پێشكەش بكەن.
ئیڤان فەیسەڵ باسی لەوەشكرد كە ئامانجی ئەوان پێگەیاندنی سینەماكارە و بەرهەمهێنانی فیلمی باشە، چونکە فیلمی باش پێویستی بە ناوەڕۆكی باش هەیە، هەربۆیە پێویستە سیناریۆی باشمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین فیلمی باش بەرهەمبهێنین و پیشانی بینەرانی بدەین.
سەرۆكی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی زارێ وتیشی: ئێمە تاقیگەی (پیجین) دروست دەكەین، پیجین واتە خۆئامادەكردن بۆ بەرهەمهێنانی فیلم، هەربۆیە گەنجان لە ماوەی شەش رۆژی فێستیڤاڵدا لەلایەن راهێنەرانی بە ئەزموونی هەر چوار پارچەی كوردستانەوە راهێنانیان پێدەكرێت بۆ ئەوەی پەرە بە بیرۆكەكانیان بدەن و بیرۆكەی باش پێشكەش بكەن.
ئیڤان فەیسەڵ وتیشی: لەكۆی ئەو بیرۆكانەی كە پێشكەش دەكرێن، لە رێگەی لیژنەیەكی باڵاوە 20 بیرۆکەی بەشداربووان هەڵدەبژێردرێت و ئەو بیست بەشداربووە راهێنانیان پێدەكرێت و لە كۆتایی فێستیڤاڵدا یەكەم و دووەم و سێهەم دیاریدەکرێن و خەڵاتیان پێدەبەخشرێت.
ئالان محەمەد جەزا