تابوتی پەیمانی خودا لە نێوان دنیای ڤێرچواڵ و حەقیقەتی مێژوودا

10:35 - 2025-05-01
ئەدەب و هونەر
66 جار خوێندراوەتەوە
سەڵاح جەلال

پ.ی. د. دڵشاد مستەفا 

هێنانەگۆی پانیاییەک کە خودی خۆی لەنێو جۆرێک لە نادیاریدا مەڵاسە، رەنگە کارێکی هەروا سانا نەبێت، بەتایبەتی کاتێ کار دێتە سەر ئەوەی بمانەوێت لەنێو دەقێکی ئەدەبییدا بە شوێن دۆزینەوەی ئەو مانا جیاوازانەوە بیین کە خودی دەقەکە نایەوێت سانا و ساکار بیدات بە دەستەوە. بەدڵنیاییەوە پێویستیمان بە هەندێک لەو کەرەستانە هەیە کە میتۆدی رەخنەی شیکاری لەلایەک و هێرمۆنتیکیش لەلایەکی تر بەکاریان دەهێنن. ئەو هەنگاوە پێویستی بە وردبوونەوەی زیاتر و گەڕانێکی ترە بەنێو رەوتی مێژوویی مامەڵەکردنی رەخنە لەگەڵ دەقدا . 
لەو سۆنگەیەوە (میشێل ئۆتن) سەبارەت بە سیمیۆلۆژیای خوێندنەوە، دەڵێت: «ئەگەر دەق تەنیا لە رێگەی خوێندنەوەوە بوونی هەبێت و ئەگەر هێرمۆنتیک لەوێوە دەست پێبکات کە خوێنەر دەست بەسەر دەقەکەدا بگرێت، ئەوا قسەکردن لەسەر دەقەکە لە دەرەوەی خوێندنەوە زۆر قورس دەبێت»، بەو پێیە هەر شێوەیەک لە شێوەکانی راڤەکاری دەبێت بێتە ناو کارکردنمانەوە، تا بتوانین تێبینییەکانمان دەربارەی دەقە بەرهەمهاتووەکە دروست بێت. ئێمە ئێستا لەبەردەم دەقێکداین لە چوارچێوە و فۆرمی رۆماندا داڕێژراوە، هەڵبەتە کاری ئەم نووسینە نییە بچێتە قوڵایی هەڵبژاردنی فۆرمەوە هێندەی ئەوەی ئەم بابەتە خوێندنەوەیەکی سەربەستە لەسەرەوەی کارکردن لەسەر قۆڵایی فۆرمە ئەدەبییەکە، جۆرێک لە راڤەکارییە بۆ دۆزینەوەی بەشێک لەو کۆدە جیاوازانەی (سەڵاح جەلال) ی نووسەر لە کۆنتێکستی جیاوازەوە بانگهێشتی ناو دەقەکەی کردوون.
(میخایل باختین) وایدەبینێت کە رۆمان توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆی کایەکانی تردا هەیە، لەگەڵ مەعریفە و زانستی دەرونناسی و سۆسیۆلۆجیا و فەلسەفە و چیرۆک و ئاین و ئەفسانە و هەموو ئەو پانتاییانەی دی.  کەواتە لەبەر رۆشنایی ئەم دیدەدا، هەموو کایەیەکی دی دەتوانێت لە فۆرمی جیاوازدا لە نێو دنیای رۆماندا دەربکەوێتەوە، یان بەشێوەیەکی تر گوزارشت لە خۆی بکات. ئەوەی نووسەری ئەم رۆمانە دەیکات بەشێکی لەنێو ئەم روانینەی (باختین)دا دەدۆزینەوە. نووسەر جگە لە کارکردن لەسەر ئەو کەرەستانەی لەهەر رۆمانێکی تردا لەسەری راهاتوین، بانگهێشتی تەکنیکی جیاواز و کایەی جیاوازتریشی بۆ نێو بەرهەمەکەی کردوە، کە دواتر ئاماژەیان پێ دەدەین.
 هەڵبەتە ئەم مامەڵەیەی نووسەر لەگەڵ خودی بەرهەمهاتووەکەی خۆی، دەمانباتەوە بۆ پرسیاری ئەوەی بۆچی کارکردن لەسەر ئەو بنەما جیاوازانە، بوونەتە بنچینەی کارکردنی خودی خۆی لەگەڵ فۆرمە ئەدەبییەکە؟ بەئاسانی هەستپێکراو کە دەشێت ئەم مامەڵەیە لەوێوە سەرهەڵبدات، نووسەر خۆی خاوەنی کتێبی(ریشاڵی تیۆری رۆمانی کوردی)یە و لەو بەرهەمەیدا قوڵ رۆچۆتە نێو پرسیارکردن لەسەر واقیع و فەزای کەلتووری و خەریکی کنەوپشکنینە لە نێو شوناسی نادیاری رۆماندا، بەتایبەتی لەنێو کەلتووردا و مامەڵەیەکی ورد لەگەڵ بۆچوونەکانی (لوسیان گۆڵدمان و میخائیل باختین) دەکات. کەواتە پەڕینەوەی ئەو گریمانە تیۆرییانە بۆ نێو شێوازی کارکردنی خۆی، کارێکی نامۆ نییە و باکگراوندی مێژوویی هەیە.
 کایەیەکی دی کە( سەڵاح جەلال)ی نووسەر لەم بەرهەمە و لە بەشێکی زۆر لەبەرهەمەکانیدا کاری تێدا دەکات و مامەڵەی لەگەڵ دەکات، میتا زمانە،  ئەم تێرمە وەک ئەوەی (جۆزێف ری دیۆف) وەسفی دەکات و وابەستەی بازنەی ڤێننای دەکات کە بیرمەندانی وەک(کارتاب و تاسکی) لە ساڵانی(1931-1947) کاریان لەسەر کردووە و پاشان (فیتگنشتاین)دێت و وا دەیناسێنێت: «بونیادێکی فەلسەفییە وەک ئەوەی ڤێرچیل و راسل، نەک زمانێکی ئامادە، ئەو کردەیە سەرچاوەی نادیارییە دەربارەی سروشتی زمان لە خودی خۆی و لە چوارچێوەی دنیادا». 
ڤیتگنشتاین روانينی خۆی لە ناڕوونترین بوارەکاندا لە ئاستی فۆرماتیڤدا بنیات دەنێت و بەنیازە هەموو هەوڵەکانی زمان بۆ گەیشتن بە مانایەک، توانای بەرهەمهێنانی ئەزموون و گرتنی هەستی ناوەوەی هەبێت، تێکبدات. ئەو داوای هۆشیاربوون لەو رێگا زۆرانە دەکات کە زمان دەتوانێت چەواشەکارانە و بێمانا بێت.
ئەگەر هەر هەوڵێکی تێگەیشتن لەو کۆنتێکستە زمانییەی ئەم رۆمانەی پێ نوسراوە لە دەرەوەی روانینەکانی(فیتگنشتاین)ەوە بدەین، رەنگە نەتوانین وەک پێویست مامەڵەی دروست لەگەڵ زمانی بەرهەمهاتوەکەدا بکەین. لەو تێگەیشتنەوەی کە وا دەبینێت مانای وشەکان زۆر زیاترە لە ژمارەیان، بەو پێیەی وشەکان و ماناکانیان بەشداریی لە شتێکی وەک یارییەکی کۆنتێکستدا دەکەن کە دەتوانێت زمان بەرەو ئاستێکی زۆر چەواشەکارانە و دووفاقی ببات و شیکاری هەر رستەیەک و لێکدانەوەی  ئاماژەیەک لە دەرەوەی سیستەم و واتا کۆمەڵایەتییەکانی هیچ جۆرە مانەیەک بەرهەم ناهێنێت. کەواتە دەبێت تارادەیەک مامەڵە لەگەڵ زماندا بکەین کە ئاماژەکانی دەچنەوە بۆ واتا کۆمەڵایەتییە بنەرەتییەکانی. ئەوەی لەم رۆمانەدا دەیبینین ئەوەیە هەرکاتێک زمان دەبەینەوە ناو کۆنتێکستە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی هەست بەو چەواشەکارییە دەکەین، بەڵام کە لەدەرەوەی کۆنتێکستە کۆمەڵایەتییەکە تاماشای دەکەین، دەبینین لە ئاستێکی بڵندتردا کار دەکات و دەزانێت خوێنەر بەرەو کوێ ئاراستە دەکات، هەڵبەتە ئەمەش پەیوەندی بەو باکگراوندە مەعریفی و تیۆرییەوە هەیە کە خودی نووسەر خاوەنیەتی.
گەر بەرکەوتنی خوێنەر بەم دەقە و لەو دیدەی(ئیمبرتۆ ئیکۆ)وە تەماشا بکەین، پێی وایە پەیوەندییەکە لەسەر سێ ئاست دروست دەبێت:
1 - دەق وەک کۆمەڵێک بۆشایی و نیشانە کە دەتوانرێت پڕبکرێتەوە و لێکبدرێتەوە.
2 - خوێنەر وەک کۆمەڵێک دەق (ئەوەی ئیکۆ پێی دەڵێ ئینسایکلۆپیدیا).
3  - بەرکەوتنی دەق لەگەڵ خوێنەر، کە ئیکۆ بە بەشداری دەقی یان پێگەی ڤێرچواڵ وەسفی دەکات.
دەبینین لەسەر هەرسێ ئاستەکە نووسەر بواری بۆ خوێنەر دروست کردوە، ئەو لەبەردەم رەشنوسێکدا راماندەگرێت بواری بۆ هێشتوینەتەوە لە رێی دۆزینەوەی مانای جیاوازەوە بۆ هەموو ئەو نیشانانەی ناو دەقەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین. ئەمە لەوکاتەدا دێتە دی کە(ئیکۆ) راڤەی دەکات لەسەر ئەو بنچینەیەی بوونی دەق پێشگریمانەی ئەوە دەکات کە هاوکاری و بەشداری خوێنەر مەرجێکی حەتمییە بۆ بەرزکردنەوەی دەق لە دۆخی چەقبەستنەوە بۆ دۆخی جووڵە. ئەوە نەگوتراوەکانە دەقەکە وەک پەراوێزێک بۆ جوڵە و بەشداری خوێنەر بەجێی دەهێڵێت.  نووسەر بە دروستکردنی دەقێکی ناڕوون، پڕ لە بۆشایی، بە شێوەیەکی بەرهەمهێنەرانە دەجووڵێت. لەبەرامبەردا خوێنەر بە شێوەیەکی راڤەکاریی دەجووڵێت، کاتێک بە پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانە نهێنی و ناروونییەکانی دەقەکە دەکاتەوە.
لەسەر ئاستی دووەم ئەو دۆخەیە خوێنەرێکی هۆشیار و خاوەن زانیارییەکی زیاتر و جیاوازتر بەرهەمی دەهێنێت و دەرفەتێک دەکاتەوە بۆ بەرکەوتنی زیاتر، بەم پێیە، راڤەکردن بە پێی ئیکۆ، گریمانی ئەوە دەکات بزواندنی ئینسایکلۆپیدیای مەعریفی خوێنەرە لە رێگەی کارلێککردنی لەگەڵ دەقەکەدا، ئەو کاتەی دەق زانیاری نێو زەینی وەرگر دەبزوێنێت. ئەوەی لە(تابووتی پەیمانی خودا)دا روودەدات تەواوی ئەم دۆخە بەرجەستە دەکات، ئەو دەمەی خوێنەرێکی هۆشیار بە زانیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دەق دەکات بە باکگراوندە مەعریفییە، ئینسایکلۆپیدییەکەی خۆیەوە، دەزانێت پێگەی (تابووتی پەیمانی خودا) خۆی لەنێو ئاینەکاندا لە کوێدایە و بەباشی لەوە تێدەگات ئەو ئاراستەیەی نووسەر لەسەری دەڕوات بەرەو کام دنیای راڤەکاریی دەیبات، بۆیە کە بەر ناوەکە دەکەوێت و دواتریش لەنێو چیرۆکە سەرەکییەکەدا دەزانێت کێ سەرقاڵی هەڵهێنانای مەتەڵەکان و دۆزینەوەی کۆدەکان و نهێنییەکەی (تابووتی پەیمانی خودا)یە، ئیدی دەزانێت نووسەر سەرقاڵی چ یارییەکمان دەکات. 

نووسەر لەم رۆمانەدا پەنا بۆ تەکنیکێکی جیاواز لەدەرەوەی کایە دیار و جێگیرەکانی ئەدەب دەبات و هەوڵێکی تر دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی خوێنەر لە پلۆتی ترەوە بگلێنێت، هەندێکجار لەسایەی هێڵی سەرەکی دەربازی دەکات، بەتایبەتی ئەو کاتەی دەزانین بەشێکی گەورەی وێنەکان لە تەنە فەزاییەکەوە لە رێی ژیریی دەستکردەوە مۆنتاژ دەکرێن

ئەو کاتەشی دێینە سەر ئاستی سێیەم کە دۆخی بەرکەوتنی دەق و خوێنەرە، دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت ئازادی رەها بۆ خوێنەر هێندە ئاسان نییە، چونکە وەک ئایزەر کە دێتە ناو جۆرێک لە ئارگومێنتەوە و بەشێوەیەک لە شێوەکان داکۆکی لە هەندێک لەو کۆنسێپتانە دەکات کە (ئیکۆ) بەرهەمیهێناون، (ئیزەر) پێی وایە هەرچەندە ماناکە لە دەقەکەدا جێگیر نییە، بەڵام نەگۆڕەکان هەن کە دەبێت لە کاتی پرۆسەی لێکدانەوەدا لەبەرچاو بگیرێن. ئەمەش بەو مانایەی تەنانەت ئەگەر خوێنەر بە پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و لێکدانەوەی ئاماژەکاندا وا دەربکەوێت ئازادییەکی رەهای لە لێکدانەوەی دەقێکی ئەدەبیدا هەبێت، بەڵام ئەم ئازادییە لەلایەکی دیکەوە، بە مەرج و سنوورداریی دەمێنێتەوە بە هۆی بوونی کۆمەڵێک مۆدێل یان روانگەی دەقەوە ، چونکە ئەو جۆرە لەرەهایی بە بێ بوونی رێسایەک بەتەواوی لەنێو کۆی مانا دووری دەخاتەوە و خەیاڵی دەچێتە دەرەوەی مەبەست.
نووسەر لەم رۆمانەدا پەنا بۆ تەکنیکێکی جیاواز لەدەرەوەی کایە دیار و جێگیرەکانی ئەدەب دەبات و هەوڵێکی تر دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی خوێنەر لە پلۆتی ترەوە بگلێنێت و هەندێکجار لەسایەی هێڵی سەرەکی دەربازی دەکات. بەتایبەتی ئەو کاتەی دەزانین بەشێکی گەورەی وێنەکان لە تەنە فەزاییەکەوە لە رێی ژیریی دەستکردەوە مۆنتاژ دەکرێن. خودی کردەی مۆنتاژ، کردەی بەرهەمهێنانی جۆرێک لە هۆشیاریی ئامادەیە بۆ بینەر و دەبێت ئەوە ببینێت کە بەرهەمهێنەر دەیەوێت بیبینێت. بۆیە کاتێک ژیریی دەستکرد دێتە ناوەوە ئەوسا لەوە تێدەگەین کە هێزێک تەکنەلۆجیایەکی مەزنی لەبەردەستە و دەیەوێت کۆنترۆڵمان بکات. هێزێک ژیانمان بە پێی رێساکانی ئەو رێکدەخرێنەوە. دیمەنی فیلمەکان وێنە و گرتەکان بە جۆرێک بەیەکەوە دەنرێنەوە کە بیرکردەنەوەیەکی دەستنیشانکراومان لەزەیندا بۆ دروست بکەن دەربارەی ئەوەی هێز لەکوێیە و لەدواجاردا کێ دەمێنێتەوە، هەر ئەمەش ئەو ستراتیجەیە کە سەردەمی لیبرالیزمی نوێ دەیەوێت بەسەر دنیایدا بیسەپێنێت. نووسەر هۆشیارانە دەمانخاتە بەردەم ئەو گریمانانەی چارەنوسی کۆی مرۆڤایەتی لەبەردەم چ هەڕەشەیەکی گەورەدایە. پەنا بردن بۆ سینەما وەک هێزێکی بەرهەمهێنانی هۆشیارییەکی جیاواز و گەیاندنی پەیام لە رێیەوە، هەوڵێکی تری نووسەرە بۆ دەرچوون لە جوغزی تەقلید و باو.
 هێنانەگۆڕێی چەمەکەکانی (LGBT) ئەو کاتەی لە میانەی فیلمەکانەوە دێنە ناو هێڵی چیرۆکە سەرەکییەکەوە، بە دڵنیایی جۆرێکە لە هێنانەگۆی ئەو پانتاییەی ئێستای خۆرئاوا کە سەرقاڵییەکی زۆری لەسەر ئاستە کۆمەڵایەتییەکە دروستکردوە. ئیدی خۆرئاوا بەتەنها مۆڵکی خودی خۆیان نییە، خۆرئاوایەکی یەک رەنگ ئیدی بوونی نییە تا چ جۆرە چەمک و رەفتارێکیان بوێت بەسەر دنیادا بیسەپێنن. ئێستا لەناو جوگرافیاکەی خۆیاندا کەلتووری جیاواز و بڕوای جیاواز هەن کە دژ بەو چەمکانە دەوەستنەوە، ئەم کارکردنەی نووسەر لەمیانەی گێرانەوەی چیرۆکی هۆمۆ یان لیسبیانەکانەوە قسەکردنە لەسەر ئەو رۆژگارەی ئیدی  سروشتی بەردەوامی ژیان لەبەردەم جۆرێک لە هەڕەشەی راستەوخۆدایە، بەتایبەت لەو دۆخانەدا کە خۆرئاوا خۆی پشتگیریی لەو رەفتارانە دەکەن بەناوی ئازادی تاک و رەفتارەوە.
لایەنێکی دی لەم رۆمانەدا کە دەتوانین قسەی لەسەر بکەین، بەکاربردنی رەمزەکانی ژیان و هێنان  یا دروستکردنی  ئەفسانەی نوێ یە کە رۆلان پارت ئاماژەی پێ دەکات و باس لەوە دەکات رۆژگاری ئێمەش سەرقاڵی دروستکردنی ئەفسانەی خۆیەتی، بەهەردوو دیوی چەپ و راستدا، کەواتە ئەفسانە ئیدی شتێک نییە وابەستەی مێژوو بێت، یان رۆژگارێک بەر لە سەرهەڵدانی فەلسەفە وەک بیری مرۆڤی سەرەتایی لێی دەڕوانرێت بەتایبەتی لە دیدی (شتراوس)دا، بەڵکو ئیدی سەردەمێکە ئەفسانە تێیدا بەتەنها وێنە بونیادی دەنێت، گەر لەو ڤیدیۆ گریمانییانە بڕوانین کە نووسەر هەوڵ دەدات وەک جۆرێک لە ئەفسانەی نوێ دروستیان بکات و لە زەینی ئێمەدا جێگیریان بکات، ئەم هەوڵە بەهۆی ئەو کەڵەکەبوونی مەعریفەیەوە دروست دەبێت کە لەزەینی نووسەردا هەن .

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان