ههوراز كاوه
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە چابی ئەلۆنسۆ بگەڕێتەوە ماڵەکەی پێشووی، ئهویش دوای ئەزمونێکی دیار و سەرکەوتوو لەگەڵ یانهی بایەر لیڤەرکوزن-ی ئهڵمانی. دوو وەرز و نیو بەس بوو بۆ ئەوەی چابی زیاتر تێکەڵ بە جیهانی راهێنەرایەتیی ببێت و لەگەڵ تیپە گەورەکاندا کارلێک بکات. ئەزموونی ئهو له بایەر، گهوره تهماشا دهكرێت، تەنانەت هەرچەندە ئەمساڵیش نازناوەکەی نەبردەوە. ئەوەندە بەسە کە پار وەرزێکی ئەفسانەیی و مێژوویی بۆ بایەر تۆمار كردهوه، دوای چەند وەرزێک کە یانهكه نەیانتوانیبوو هیچ نازناوێک بەدەست بهێنێت، جگە لەوانە بەرامبەر بایرن بە ئاسوودەیی یارییان دهکرد و لە چەند یارییەکدا ئاستێکی بەرزیان پێشکەش کرد. ئەمەش لە هەموو ڕاهێنەرێکی بۆندس لیگا داوا دەکرێت، به بردنەوەش له یانهی بایرن دەستکەوتهكان لە ئەڵمانیا دهستهبهر دهبن و چابیش ئهوهی كرد.
له ڕاستیدا گواستنەوەی ناوبراو بۆ یانهی ڕیاڵ مەدرید، گرنگترین هەنگاوی ژیانی وەرزشیی ئەلۆنسۆ دەبێت، لە داهاتوودا گوشارەکانیش لەسەری زۆر گەورە دەبن، وەک چۆن لەسەر زیدان بینیمان، چونكه دەچێتە ناو ماڵی مێرێنگێ و وەک یەکێک لە ئەفسانەكانی یانەکە پێشوازی لێدەکرێت، بەڵام وەک هەمیشە میدیاکانی ئیسپانیا بە تەنیا جێی ناهێڵن و هەموو جۆرە گوشارێکی لەسەر دروست دەکەن، دەبێت ئهویش فێڵبازی خۆی لە چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەیان بەکاربهێنێت، تا ئەوکاتەی هەست بە ئاسوودەیی دەکات، لە ژینگە نوێیەکەیدا.
سەبارەت بە راهێنانی ریاڵ مەدرید، ئەرکێکی قورسە، وەک ئەوەی لەگەڵ هەموو راهێنەرێکدا روودەدات،با چاوەڕوان بین بە مەبەستی بەهێزکردنی تیپەکە، چابی چۆن مامەڵە لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز دەکات، بەتایبەتی کە پێرێز زۆرێک لە سیاسەتەکانی یانەکەی لە کڕین و فرۆشتنی یاریكهردا گۆڕیوه. ئەمەش بەندە بەوەوە کە ئەلۆنسۆ چی دەوێت. هەموومان دەزانین کە راهێنەره ئیسپانییهكه پلانی 3-4-3 بەکاردەهێنێت و لەگەڵ هاتنی ئارنۆڵدیشدا ئەم پلانە زۆر لەگەڵیدا دەگونجێت، بەڵام ئهو پلانه پێچەوانەی نەریتی ناسراوی ریاڵە، ریاڵ تیپەکەیان بەشێوازی 3-4-2-1 یاری دەكات، ئەگەر ئەلۆنسۆ هات و پلانەكانی پەسەندكرا، بێگومان یانهی ریال مەدرید ناچار دەبێت بچێتە بازاڕی هاوینەوه، بۆ کڕینی بەرگریکارێکی نوێی ناوەند و ڕەنگە ئەلابا و میلیتاویش بڕۆن، تیپهكه یاریزانی دیاریشی لە هێڵی پێشەوەدا هەیە، دەتوانێت سوود له بەشێکی زۆری تواناکانیان وەربگرێت.
بۆ نموونە ئهسینسیۆ و ئیندرك و سیبایۆس، کە هەموو جارێک سەلماندوویانه یاریزانی باشن و توانای كاری زۆریان ههیه، هەروەها بهردهوام ئەلۆنسۆ رۆڵی بەهرەمەندە لاوەکان بەهەند وەردەگرێت و چاوی له تواناکانیان دەبێت. ئهمهش وادهكات دواتر شتەکان زیاتر روون ببنهوه، کاتێک ئهلۆنسۆ پێ لەسەر یاریگای بێرنابیۆ دادەنێت، هەڵمەتێک دەستپێدەکات بۆ دەرکردنی ئەوانەی شایەنی ڕۆشتنن و هێشتنەوەی ئەوانەی کە پێویستە بمێننەوە .
لە وەرزی یەکەمەوە زۆر قورس دەبێت دڵنیابین لە سەرکەوتنی ئەلۆنسۆ، بەڵام گەشبینییەکی زۆر هەیە، بەرامبەر بیرۆکەکانی و نزیکی لە یاریزانەکان، هەروەها کەسایەتییەکی زۆر خۆشەویستە لە ڕیاڵ مەدرید، ئەمەش یارمەتی زۆری دهدا لە کارکردن لەگەڵیاندا، بۆیه لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا دەبینین شتەکان چۆن لەگەڵیدا دەڕۆن.