یادگار ساڵح
ئیتاڵیا وڵاتێكی ئاشق بەتۆپی پێیە، بەڵام ئێستا بارودۆخی تۆپی پێ لەو وڵاتە بەجۆرێك گۆڕاوە کە یانەكانی ناتوانن ركابەرێكی راستەقینەی بەدەستهێنانی نازناوەكان بن، لەسەر ئاستی هەڵبژاردەش، پێشتر هەموو هەڵبژاردەكانی جیهان كاتێك رووبەڕووی دەبونەوە، ترسیان لێ دەنیشت و بەدەرونێكی خراپی پڕ لەترسەوە یارییان بەرامبەر دەكرد، بەڵام ئێستا نە كاڵچۆ وەك جاران ماوە نە ئاتزوری.
ماڵئاوایی چوار یانە
لەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ و دوای گۆڕانكاری لەسیستم و شێوازی خولەكەدا، هەلێكی باش بۆ یانەكانی ئیتاڵیا دروست بوو تابتوانن لە چامپیۆنس لیگدا شكۆ و ناوناوبانگ بگەڕێننەوە، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا روویدا، لەقۆناغی یەكەمەوە چوار یانە (یۆڤانتۆس، میلان، ئەتڵانتا، بۆلۆنیا) ماڵئاوایكرد، تەنیا ئینتەرمیلان مایەوە و توانیویەتی بگاتە یاریی كۆتایی، یەك هەنگاویشی ماوە جامی چامپیۆنس لیگ بەرزبکاتەوە کە لە ساڵی 2010 -ەوە هیچ یانەكانی ئەو وڵات، نەچۆتە سەر سەكۆی نازناوی پاڵەوانێتییەكە.
ئاستی یانەكان لەچامپیۆنس لیگدا
بۆلۆنیا خراپترین ئەزمون و ئاستی پیشاندا، و تەنیا یەك بردنەوەی تۆماركرد، لەگەڵ سێ یەكسانبوون و چوار دۆڕاندن، ئەمەش لەبەر كەمی ئەزمونی لەخولەكەدا كە لەدوای ساڵی 2000 - ەوە بۆ یەكەمجارە لەخولێكی ئەوروپا بەشدار دەبێت، بۆ جاری دووەمیشە لەدوای وەرزی 1964-1965، لەچامپیۆنس لیگدا بەشداردەبێت.
یۆڤانتۆس (خانمە پیرەكە)، ئەمیش وەك پێویست دەرنەكەوت، هەرچەندە لەم وەرزەی خولەكەدا بەئاستێكی بەرز دەركەوت، بەڵام بەرامبەر یانەكانی شتوتگارت و لیل و ئەستۆن ڤێللا و كلوب بروج دووچاری ئەنجامی نەخوازراو بوو، لە قۆناغی پلەی ئۆفیشدا ئایندهۆڤن لەركابەرییەكان دووریخستەوە.
بارودۆخی هەردوو یانەی ئەی سی میلان و ئەتڵانتا تارادەیەك وەك یەك بوو، هەردووكیان چانسی دووەمیان بۆ گەیشتن بە قۆناغی 16 یانە هەبوو، بەڵام لەقۆناغی پلەی ئۆفدا ماڵئاوایان كرد،
ئینتەر و خەونی ئیتاڵییەكان
ئەوەی ئێستا لەتۆپی پێی ئیتاڵیادا دەگوزەرێ و هاندەران چاوەڕوانی دەكەن، هەموو خەونێكیان یانەی ئینتەرمیلانە، بەتایبەت دوای ئەوەی توانی قۆناغی چارەكی كۆتایی و پێش كۆتایی بەرامبەر دوو یانەی بەهێز و گەورەی ئەوروپا (بایرن میونشن-ی ئەڵمانی و بارسیلۆنای ئیسپانی) بوو، بۆیە هەوڵدەدات بەهەمان شێوە لە یاریی كۆتایشدا سەركەوتنێكی تری مێژوویی بەرامبەر پاریس سان جێرمان تۆماربكات، ئینتەر میلان لە ساڵی 2010 -ەوە نەیتوانیوە بچێتە سەر سەكۆی نازناوەكانی چامپیۆنس لیگ و ببێتە پاڵەوان، بۆیە ئێستا هەموو ئیتاڵییەکان چاویان لە دەست و بازوی ئینتەرمیلانە.