رۆژی 13ی مایسی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتە کەنداو، سەردانەکەی چاوەڕوان دەکرێت وەرچەرخانێکی گرنگ بێت لە سیاسەتی دەرەوەی واشنتن و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە گۆڕانکاری جیۆپۆلەتیکی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، لەوانە دەستپێکردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران، رووخانی رژێمی ئەسەد لە سوریا، و بەردەوامی جەنگی غەززە.
پێشبینی دەکرێت گفتوگۆکانی ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی کەنداو 5 دوسێی ستراتیژی سەرەکی بگرێتەوە. یەکەمیان، رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئاسایشی کەنداوە، کە تێیدا چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ هەڵوێستێکی نەرمتر نیشان بدات و رۆڵی وڵاتانی کەنداو لە دانوستانەکان و رێگریکردن لە پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی ئێران تاوتوێ بکرێت، لەگەڵ گرێدانی هەر رێککەوتنێک بە سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی بالیستی ئێران.
دووەم، دۆخی سوریا دوای ئەسەد و پرسی ئاوەدانکردنەوەیە، کە وڵاتانی کەنداو خوازیاری رۆڵێکی کارێگەرترن لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی هەژموونی ئێرانی.
دوسێی سێیەم، راگرتنی جەنگ لە غەززە و ئاوەدانکردنەوەیەتی. چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی کەنداو دەستپێشخەرییەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە بە چاودێری ئەمریکا پێشکەش بکەن، و میکانیزمەکانی ئاگربەست و چارەسەری درێژخایەن بۆ حوکمڕانی دوای جەنگ تاوتوێ بکرێن، لەگەڵ ئەگەری زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکانی ئەبراهام.
چوارەم، هاوپەیمانییە ئەمنی و بەرگرییەکانە لە کەنداو. پێشبینی دەکرێت ترەمپ جەخت لەسەر پابەندبوونی ئەمریکا بکاتەوە، هاوکات داوای زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە بکات و بیرۆکەی "ناتۆی کەنداوی" یان هاوپەیمانییەکی ئەمنی هاوشێوە بخرێتەوە روو.
دواجار، بابەتی ژیریی دەستکرد و هاوکاری تەکنەلۆژی پێنجەمین دوسێی گرنگە. وڵاتانی کەنداو بوونەتە ناوەندی گرنگی ئەم بوارە و چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ پێشنیاری هاوبەشی ستراتیژی لە بواری توێژینەوەی ژیریی دەستکرد، ئاسایشی سایبەر و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا بکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی دیجیتاڵی چین و پشتیوانیکردن لە پلانی گۆڕینی ئابووری وڵاتانی کەنداو.
ئەم سەردانە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ دیدی جیۆپۆلەتیکی نوێی ترەمپ چاوی لێدەکرێت و دەرفەتێکە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کەنداو لەسەر بنەمای هاوئاهەنگی و سەقامگیری زیاتر، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە هەرێمی و جیهانییەکاندا.
سەرچاوە: ئەلجەزیرە