ئامادەکردن: ژوان باقی
ساڵی 1919 لەسەر شۆستەی کەناراوەکانی (کۆبنهاگن)، تابلۆی بازاڕی ژنە ماسی فرۆشەکان لەلایەن هونەرمەندی دانیمارکی (پۆل گوستاڤ فیشەر)ەوە کێشراوە. تابلۆکە دیمەنێکی زیندووی بازاڕی ماسی فرۆشەکانی شارەکە نیشان دەدات. لەم بازاڕەدا ژنان کاردەکەن، رۆژانە پیاوان لە راوە ماسی دەگەڕێنەوە، پاشان ژنان ماسییەکان پاك دەکەنەوە و دەیانفرۆشن، کارەکانیش لە نێو کەش و هەوایەکی تەماویدا دەکرێن کە لەو شوێنەدا هەست بە سەرمایەکی زۆر دەکرێت.
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، فرۆشتن و پاککردنەوەی ماسی پیشەیەکی نەریتیی ژنان بووە لە کۆمەڵگە کەناراوییەکانی باکووری ئەوروپا. ژنان کاری پاککردنەوە و هەڵدڕین یاخود پارچە پارچە کردنی ماسییەکانیان دەکرد، لە هەمان کاتدا پیاوان بەرپرس بوون لە راوکردن. ئەم نەریت و رۆڵگێڕانەی ژنان لە فرۆشتنی ماسیدا لە شارە کەناراوییەکانی وەك کۆبنهاگن دا باو بوو کە بازرگانیی فرۆشتنی ماسی لەو شارەدا کەرتێکی گرنگ بوو.
ئەگەر لە تابلۆکە وردببینەوە دەبینین لە پشتەوەی تابلۆکە شوێنەوارەکانی شارەکە لەژێر پەردەیەکی تەم و مژدا خۆیان شاردووەتەوە، لەگەڵ بورجەکانی کۆبنهاگن و سەقفە تیژەکان وەك تارمایی لە رۆژێکی ساردی زستان و کەوەڕۆژدا بە بێدەنگییەکی قوڵ شەپۆل دەدەن.
هەوا بە بۆنی دەریا و ماسی تازە تێر دەبێت، کە لەگەڵ سەرمای بەیانی تێکەڵ دەبێت و کەشێکی تایبەت دروست دەکات. لە گۆشە نیگایەکی دیکەی تابلۆکەوە، نەورەسەکان بەناو تەمدا دەفڕن و بەدوای خۆراكی رۆژانەی خۆیاندا دەگەڕێن، لە نێو جەنجاڵیی ژنانی کرێکاردا.