هێدی کەڵاڵی
زۆربەی ئەدیب و هونەرمەندانی بوارە جیاجیاکان بە درێژایی ساڵانی نووسین و نواندن و بەرجەستەکردنی بەرهەمەکانیان بەجۆرێک لە جۆرەکان بەهۆی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیانەوە کاریگەرییان لەسەر خوێنەر و بیستەر و بینەران دروستکردووە.، لەو پێناوەشدا وەک چۆن خەباتی چەکداریی لە قۆناغێک و سەردەمێکدا پێویست بووە هەبێت، ئاواش خەباتی قەڵەم و دەنگ و رەنگ و نمایشی شانۆیی هاوشانی ئەو خەباتە وەک پێویستییەکی ستاتیکی و رۆحیی پێویست بووە. نەوە دوای نەوەش ئەو ئەدەبیات و شاکارە هونەرییانە بە نەوەی ئەمڕۆ و داهاتوو دەسپێرێت، بەمەش رێباز و بوونی ئەدەب و هونەر بۆ هەتا هەتایە بە نەمری و بەردەوامی دەمێنێتەوە.
زۆربەی نووسەرانی باش و هونەرمەندانی خاکی و رەسەنەکان لە ئاخرو ئۆخری تەمەنیاندا کاتێک دەچنە ناو ساڵ و توشی نەخۆشییە درێژخایەن و درمییەکان دەبن، ناتوانن درێژە بە کارە ئەدەبی و هونەرییەکانیان بدەن، تەمەن و نەخۆشی دەبنە لەمپەر لەبەردەم چالاکییەکانیاندا، بۆیە بەشێکیان دەبنە هاوەڵی دارشەق و سەر عارەبانە و جێگەیان لە گۆشەی کز و مات و بێدەنگی چایخانەکانی شاردایە، یان لە سوچێکی ماڵەکەیاندا لەگەڵ بیرەوەرییەکانیاندا دەژین، یان بە تەماشاکردنی سوپاسنامە و رێزلێنانەکانی دەزگا ئەدەبی و هونەرییەکان کە پێشکەشیان کردوون هەناسەیەکی قوڵ هەڵدەکێشن و بۆ چەند ساتێک دەگەڕێنەوە بۆ رابردوو، یان رۆژان و ساڵانی پێشووتریان کە تیایدا پێشەنگ بوون لە نووسینی کتێب و شاکاری ئەدەبی و هونەریی، یان چالاک و کارامەبوون لە چڕینی گۆرانی و نمایشکردنی بەرهەمی نواند و شانۆدا٠
راستییەک هەیە دەمەوێ بیڵێم: دەستەڵاتدارە خۆجێیەکانی شارەکان و حکومەتی هەرێم باش دەزانن بەشێک لەو ئەدیب و هونەرمەندانە شوێن و جێیەکی شایستەیان نییە بۆ حەوانەوە. هەروەها پێویستیان بە چارەسەری پزیشکیی هەیە٬ بەڵام لایەنی پەیوەندیدار وەک پێویست و بە شێوازێکی شایستە بەدەم چارەسەری کێشەکانیانەوە ناچن، یان ئەگەر بەدەم کێشەکانیشیانەوە بچن ئەوە بۆ کاتێکی دیاریکراوە و بنەبڕی کێشەکانیان ناکەن!! یاخود ئەو هاوکاری و یارمەتیانەی پێیان دەدرێت وەک بەخشین پێیان دەفرۆشنەوە و منەتباریان دەکەن بابەتەکە دەکەنە کەرەستەی راگەیاندن و ماڵپەڕەکان و دەگاتە ئەو رادەیەی ئەو ئەدیب و هونەرمەندانەی پێویستیان بە یارمەتی و لا لێکردنەوە و چارەسەرە پەشیمان ببنەوە!
دەکرێ لە رێگای وەزارەتی رۆشنبیرییەوە هەموو ئەو ئەدیب و هونەرمەندە بێ لانە و فەرامۆشکرانەی پێویستیان بە هەر جۆرە چارەسەرێکە دەستنیشان بکرێن و حکومەتیش هاوکاریی پێویستیان بکات! چونکە رۆژێ لە رۆژان بە هۆی کاریگەریی نووسین و گۆرانی و نواندن و نمایشەکانیانەوە دەستنیشانی دەردە کۆمەڵایەتی و دیاردە جۆراوجۆرەکان و خراپ بەکارهێنانی دەستەڵاتە خۆجێیەکانەوە کراوە. دەستەڵات هاتۆتە سەر هێڵ و خواریەکانیان پێ راست کراوەتەوە! بەمەش چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و سیاسیەکانیان کراوە٬ بۆیە وەک چۆن لە رابردوودا ئەدیب و هونەرمەندان بەهۆی بابەت و بەرهەمەکانیانەوە دەردە کۆمەڵایەتی و کێشە رامیاری و ئابووری و فەرهەنگییەکانیان فەرامۆش نەکردووەو و خستبوویانەتە سەر کاغەز و ناو کتێب و سەر شاشە و تابلۆکان، ئێستاش جێی خۆیەتی یەکە کارگێڕییەکانی ناوەندی شارەکان و حکومەتی هەرێم لە رێگای وەزارەتی رۆشنبیرییەوە ئەو ئەدیب و هونەرمەندە فەرامۆشکراوانە فەرامۆش نەکەن!!