بە دیلیڤەری وشە دەنێرم بۆ شیعر

11:23 - 2025-05-15
ئەدەب و هونەر
101 جار خوێندراوەتەوە
هاوتێکست: عەباس عەبدوڵڵا یوسف- داستان بەرزان

دارستان خەونی مردووی مرۆڤ
خەونی بەدینەهاتووی مرۆڤ
خەونێکی ژیرسازە
دەچمە ناو دارستانێکی جیا درەخت و دەشادێم.

جووجەڵەیەک چی دەکات لە دارستان؟
جوجەڵەیەک بە تەنیا
بە شوێن خەونی خۆیدا
خەونی بەدینەهاتووی مرۆڤ
جووجەڵەش، لە خەونخانەی دارستان
هاوڕێمانە و ناترسێ..
من لە جیاتی ئەو دەخەونم، ئەو لە جیاتی من دەخەونێ.

مامزێک دەبینم لە دوورڕا
خەیاڵێک دەبینم لە تۆڕا
مامز تاک مامز
درکاندی: لە ترسی پڵنگان
خەیاڵگەی ئاسکان جێ دەکەین.. چا دەکەین.

دەریا نامۆیە بە دارستان
ماسییەک دەلەنگێ لە داران
با دەریا ئاشنای دارستان بێ
ماسی بە ئاواز و سەمای هەزارشێواز
بلەنگێ و بمەستێ.

خەون دەبینم لە هەرلا
چاو دەگێڕم بە هەرلا
خەون بەلاشە و بێ پارەیە
با لە شەش لا خەونداربین
تێدا منی کۆر خەونی رەنگاوڕەنگ دەبینم.
ئەستێرەیەک دیارە کشاوە
خەونێک کشاوە دیارە
ئەستێرەیەک بەسمە
دەمباتە سەر وینگەیەک لە شێوەی فیردەوس.

گیانداران لێرە ئاوەدان
ئاوەدان لێرە ئاودامان
گیاندار خۆشمان هەر گیاندارین
لە سەردەی نوو، گیاندارە و ئاهەنگدارە.

مرۆڤ لێرە بە تەنیا
هەڵدەزنێ بە باڵای خەوندا
بە هاوخەونێک
بە قاقا بەسەر قافا هەڵدەگەڕێین.
دارستان خەونی مردووی مرۆڤ
خەونی بەدینەهاتووی مرۆڤ
لە دارستان هەزار و یەک میوە هەن
تێدا یەک میوەخەون دەممەستێنێ، دەمژینێ.

کە -با-یەک هەڵدەکات
من دەبینم چەندە باڵندە/ بە تەنیا
کە گەرداوێک هەڵدەکات
من دەبیستم چەندە گەڵا/ بە تەنیا
کە خەونێک هەڵدەکات
من بۆنی مردن دەکەم/ بە تەنیا.

تەنیایی... هۆ تەنیایی
نیازمە بچمە دنیایی
بەس ترافیکلات
نەڵێ:
‏Stop
لە دارستان مرۆڤ جێدەمێنن
مرۆڤ جێدەمێنن بەدەم –با-وە
لە -با-کاندا خەون جێدەمێنن
خەون جێدەمێنن بەدەم -نا-وە.
هەوڵێکە و دەمەوێت خەونباربم
رەوایە و شوون خەون ببینمەوە
تێدا مێخەون، لاشەی سستم
دەژیێنێ و رەهابینم دەکات.

جووجەڵەیەک لە دارستانە بە تەنیا
بە تەنیا لە دارستانە مرۆڤ
جووجەڵەیەک نوقمی خەون
مرۆڤێک ماندووی خەون
جووجەڵەیەکی ناو قەپێلکی هێلکە
لێم دەپرسێ: تۆی چارەنووسناس
بجوقێم و بێمەدەر یا.. نا
بوەستە، با پرسێک بە داستان بکەم.

چ هەیە جگە لە خەون
چ هەیە زیاتر لە تەون
خەونێک لە سەری مرۆڤدا
مەرگێک لە سەری مرۆڤدا
ژیان لە خەونەوە تا دواخەون
منی هاودرەخت کرد، منی هاودەریا کرد
نایڵێم... بیڵێم دەڵێم منی نامەرگ کرد.

جێدەمێنن لە مێرگێکدا/ مرۆڤ
جێدەمێنن لە دەنگێکدا/ مرۆڤ 
لە مێرگ، مرۆڤ بە بۆنی گوڵێک
هاومرۆڤ دەبێ و من کۆتا و دوا نازانم.

جێدەمێنن لەگەڵ کێدا
جێدەمێنن لە کێدا
وادەژین و ئایندەش موڵکی گەردوونە و
هەر ئەو راستە 
هەتاویش وا دەڵێ.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان