سەردانی دەم پارتی بۆ لای پارتە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێدەکاتەوە

11:41 - 2025-05-19
جیهان
37 جار خوێندراوەتەوە

خولی سێیەمی سەردانەکانی دەم پارتی بۆ لای پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەستیپێکرد و بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا، باس لە کۆنگرەی پە.کە.کە و پێشهاتەکانی تایبەت بە بڕیارەکانی و هەنگاونان بۆ پرۆسەی ئاشتی بکرێت.
رۆژی دووشەممە، وەفدی دەم پارتی کە پێکهاتبوو لە تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی دەم پارتی و سەزایی تەمەللی و گوڵستان کۆچیغیت، بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، لەگەڵ پارتی دەڤا بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان و پارتی سەعادەت بە سەرۆکایەتیی مەحمود ئاریکان کۆبووەوە.
دەم پارتی لەبارەی کۆبوونەوەکانەوە رایگەیاند، لەگەڵ وەفدی پارتەکانی دەڤا و سەعادەت باسیان لە بڕیارەکانی پە.کە.کە و دواین دیداری وەفدی ئیمراڵی و ئۆ.جەلان کردووە و هەردوولا جەختیان لە رۆڵی پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان کردووەتەوە.
وەک لە راگەیەندراوەکەی پارتی دەمدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکاندا وەفدی دەم پارتی پێشنیازی دروستکردنی لیژنەیەکی خستووتەڕوو، کە لە نوێنەری سەرجەم پارتە سیاسییەکان پێکبێت و بە دەسەڵاتی تەواوەوە کار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و ئاسانکاریی سازانی لایەنە سیاسییەکان بکات.

دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، وەفدەکەیان رۆژی 20ی ئایار سەردانی جەهەپە و رۆژی 23ی ئایاریش سەردانی پارتی سەرلەنوێ رەفا دەکات. لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی ئاکپارتی، مەهەپە و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش دەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان