تەها نەجم
شارەكە بەشێوەیەكی گشتی شوێنێكی ستراتیژییە، بەتایبەت دوو خاڵی سنووری مونزریە و پەرویزخانی لەسەرە، جگە لەوەی بە سامانی كانزا و سەرچاوە سروشتییەكان دەوڵەمەندە، بەڵام بەشی زۆری گەنجانی شارەكە بەهۆی نەبوونی هەلی كارەوە پەنا دەبەنەبەر دامەزراندن لەهێزە ئەمنیەكانی عیراق و هەرێم، ئەمەش لەكاتێكدایە بەشێكی زۆریان بەناچاری ئەو هەوڵە دەدەن و پێیانخۆشە كاری تر بكەن، بەڵام نەبوونی هەلی كار بێزاری كردوون.
پەراوێزخراوین
هەندرێن عەلی گەنجێكی تەمەن 25 ساڵانە، زانكۆی تەواو كردووە و ئێستا بێكارە و دەڵێت: شارەكە سەرچاوەیەكی ئابوری بەهێزی نییە، تەنها بازاڕێكە و بەس، كار بە ئاسانی دەستناكەوێت، ئەوەی وایكردووە وابێت نەبوونی فراوانكردنی توانای ئابوری ناوچەكەیە، خانەقی چەند مەرزێك و چەندین ناوچەی تری گرنگی هەیە، بەڵام نەتوانراوە بۆ شارەكە بخرێتە كار.
وتیشی: حكومەت دامەزراندن ناكات، ئەگەریش بیكات رێژەكە زۆر كەمە، جگە لەوەی حكومەتی هەرێمیش نەیتوانیوە هەلی كار بڕەخسێنێت، تەنها دامەزراندنە لەهێزە ئەمنیەكان، ئەگەر ویستت لەسەری نەبێت چی بكەین؟، هەر چەند رێژەكە ناوبەناوە و خەڵكێكی زۆر هەوڵی بۆ دەدات.
قۆرغكردنی كەرتی تایبەت
عەباس ئكرام، گەنجێكی ترە و تەمەنی 28 ساڵانە، رونیدەكاتەوە:» كەرتی تایبەت لەشارەكە بیرۆكەیەكی زانستی نییە، بەپێچەوانەوە چەند دەوڵەمەندێك قۆرغیان كردووە، بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بگرە بۆ بەرژەوەندی سیاسیش بەكاری دەهێنن، كەسی خۆیان هەیە و ئەگەر بتەوێت كار بكەیت لەگەڵیان دەبێت هەموو شتێكت بۆ ئەوان بێت ئەمەش هەموو كەس قبوڵی ناكات.
رونیكردەوە: خەڵكی ئەم شارە قوربانی زۆری داوە بۆ پاراستنی رەسەنیەتی بۆیە ئاسان نییە رەسەن لەم شارە مل بۆ هەندێك هەوڵی بەرژەوەندی خوازی سیاسیانە دابنێت.
دەرگامان كراوەیە
قایمقامی قەزای خانەقی بۆ دوو توێی كوردستانی نوێ وتی: دەرگامان بەرووی هەر وەبەرهێنێك و بیرۆكەیەكی كەرتی تایبەت هەیە كەلە چوارچێوەی یاسا بێت و خزمەت بەشار و گەنجان بكات.
جواد فەیزوڵڵا وتیشی: ئەوە راستە و هەلی كار لە شارەكە كەمە، بەڵام بەرنامەمان هەیە و دەمانەوێت بەپێی یاسا و دوور لەهەر زیادەڕەویەكان كەرتی تایبەت بهێنینە ناوچەكە و رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ ئەوەی بتوانن هەلی كار بۆ گەنجانمان دروست بكەن.
ئەوەشی وت: بۆ بابەتی دامەزراندن، بۆ نمونە لە حەوت هەزار دامەزراندن نزیكەی 270 دەرچوو وەك پشكی خانەقی دادەمەزرێن، هەر چەند نزیكەی 28 بۆ 30 هەزار دەرچوو فۆرمیان پڕكردووەتەوە.
سود لەسەرچاوە جۆربەجۆرەكان وەربگیرێت
هۆشیار ئیسماعیل بڕیاردەری پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە نیگەرانە لەوەی سەرچاوە جۆراوجۆرەكانی شارەكە بۆ دروستكردنی زیاتری هەلی كار بەكار ناهێنرێت و پێیوایە خانەقی شایەنی زیاترە، دەڵێت: تەواوی ئەو سەرچاوە ئابوریانەی لەناوچەكەدا هەن پێویستی پشكی خەڵكی شارەكەی تێدا بێت بەتایبەت بۆ دروستكردنی هەلی كار بۆ گەنجان، بۆ نمونە دەبێت زۆرترین گەنجی خانەقی لەمەرزەكانی مونزریە و پەرویزخان كار بكەن، چونكە لەسنوری قەزاكەدان.
وتیشی: نەفتخانە كە ئێستا كاری گەران و دەرهێنانی نەوتی تێدا دەكرێت دەبێت پشكی خانەقی لە داهات و هەروەها هەلی كاریشی تێدابێت، جگە لەوەی هەوڵبدرێت كۆمپانیای زیاتر و كارگە و ناوەندی كاركردنی زیاتر بهێنرێتە شارەكە.
ئەوەشی وت: خانەقی لەناو چەقی ململانێكانە ناكرێت خەڵكەكەی بكرێتە قوربانی دەبێت خەڵكەكەی زیاتر خۆشحاڵ بكرێن.