رفعەت عەبدوڵڵا: پانتایی میدیاکانی یەکێتی زیاتر خەم و داواکاری و پەیامی خەڵک بێت

05:21 - 2025-05-21
کوردستان
51 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازیکرد لەهەڤاڵ (لەتیف نێروەیی) لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی (ی.ن.ک)و بەرپرسانی میدیا رەسمی و جیاوازەکانی (ی.ن.ک).
لەدەسپێکی دیدارەکەدا هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ستایشی رۆڵی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی و هەڤاڵەکانی کرد لە رابردوو ئێستادا و  هیوای خواست میدیاکانی یەکێتی، بەردەوام سەنگین و ئازادو بەرپرسیاربن.
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا، داوای لە میدیاکارانی یەکێتی کرد بەئیتیکی رۆژنامەوانی و بەرپرسانە رووماڵی کارە میدیایەکان بکەن و لەوبارەیەوە وتی: "رۆڵێکی سەرەکیتان هەبێت لەوەی ژینگەی میدیایی کوردستان پیشەییانە و مۆراڵیانە کاربکات".
هەڤاڵ جێگری سەرۆک، جەختیکردەوە کە میدیاکارانی یەکێتی دەبێت هەمیشە ئامۆژگارییەکەی (سەرۆک مام جەلال)یان بیربێت کە دەیفەرموو: "راگەیاندن، دەبێت راست و رەوان و رازاوەبێت" بێگومان دەبێت ئێوەش لەسەر ئەو بنەمایە کاربکەن.
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی، ئاماژەی بەکاریگەری راگەیاندنی (ی.ن.ک)و ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان کرد لەشاخ و وتی: "لەم سەردەمەشدا میدیاکانی یەکێتی ببنە بانگی هەقی یەکێتی و کوردایەتی و مینبەری خەڵک".
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا، رایگەیاند، پانتایی میدیاکانی یەکێتی زیاتر خەم و داواکاری و پەیامی خەڵک بێت و وتی: "بەڵام هاوسەنگی لەنێوان هەڤاڵێکی حزب و هەواڵێکی خەڵکدا رابگرن".
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی، رێنمایی میدیاکارانی کرد، راگەیاندنی تەقلیدی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاوێتە بکەن و خۆنوێکردنەوەو بەخۆداچونەوەی بەردەوامی بۆ میدیا بەگرنگ زانی، وتیشی: "میدیاکانی یەکێتی بەهرە و توانا نوێیەکانی ناو سۆشیاڵمیدیا بدۆزنەوەو سوودیان لێوەربگرن". 
(یۆبیلی زێڕینی) یەکێتی، لەڕووی میدیایی و بایەخپێدانییەوە کە یادێکی شایستە بەمێژووی پەنجا ساڵەی تێکۆشانی یەکێتی بێت و هەموو ناوچەکان بگرێتەوە لایەنێکی سەرەکی دیدارەکەبوو.
لە کۆتایی قسەکانیدا هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا، هیوای خواست کەلەمەودوا دامەزراوە میدیاییەکانی یەکێتی لەرووی چۆنایەتیەوە گەشەی زیاتر بەخۆیان بدەن و وەک هەمیشە مینبەری هەقبێژی خەڵک و داواکانیان بن و قورسایی میدیاییتان بگوازنەوە بۆ هەولێرو بادینان.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان