ئا: كوردستانی نوێ، هەولێر
بازاڕی پەلەوەر لە شاری هەولێر، كەوتۆتە ناوجەرگەی بازاری سەیداوە لە شەقامی 40 مەتری، یەكێكە لە قەرەباڵغترین بازاڕی شارەكە، بەتایبەتی لە رۆژانی هەینی، كە بەسەدان كەس سەردانی دەكەن و بەهۆیەوە ئاستەنگێكی زۆری هاتوچۆ لە شۆستە و شەقامەكانی دەورووبەری دروست دەبێت، بەهۆی بەجێهێشتنی پاشماوەكانیشەوە ئەو ناوە تەواو پیس و بێ سەرووبەر بووە.
زیرەك ئەحمەد، ئارەزوویەكی زۆری بۆ بەخێوكردنی پەلەوەر هەیە، بۆیە هەموو رۆژانێكی هەینی بۆ سەیركردن یان كڕینی پەلەوەر سەردانی ئەو بازاڕە میللیە دەكات و دەڵێت: بوونی بازاڕێكی گەورەی فرۆشتنی پەلەوەر و ئاژەڵی بچووك لە شارەكەمان گرنگی خۆی هەیە، بەڵام بەو جۆرەی ئێستا گونجاو نییە و هیچ مەرجێكی تەندروستی تێدا رەچاو نەكراوە.
وتیشی: لەبەرئەوەی شوێنەكەی كەوتۆتە سەر شەقامێكی گشتی هەولێر، كە لە رۆژانی هەینی بەهۆی نەبوونی شوێنێكی گونجاو، خەڵكێكی زۆر بەناچاری پەلەوەر و ئاژەڵەكانیان لەسەر شەقام و شۆستەی ئەو بازاڕە بۆ فرۆشتن نمایش دەكەن، ئەوەش دەبێتە رێگری لە هاتوچۆی خەڵك و ئۆتۆمبێلەكان.
پێشیوابوو: بازاڕێكی لەو جۆرە كە لەڕووی تەندروستی و ژینگەوە پارێزراو نییە، ناكرێت خۆراك و سەوزە و میوەی تێدا بفرۆشرێت، جگە لەوانە لە رۆژانی هەینیدا پاشماوەیەكی زۆری پیسی و ئاژەڵی مردار بووەوە بەجێ دەمێنێت، مەترسییەكانی سەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی زیاتر دەكات، بۆیە پێویستە شارەوانیی هەولێر بەزووترین کات شوێنێكی تایبەت بۆ بازاڕی پەلەوەر لە شاری هەولێر دابین بكات و مەرجەكانی تەندروستی و ژینگەیی تێدابێت.
هادی عەزیز، یەكێكە لە فرۆشیارەكان، وتی: من تەنیا رۆژانی هەینی بۆ فرۆشتنی پەلەوەرەكانم دێمە سەر شەقامە سەرەكییەكەی 40 مەتری، كە جێگاكەم نەگونجاوە بۆ فرۆشتنی پەلەوەر، پلەی گەرماش تێیدا بەرزە و بۆ كارەكەم دۆخێكی ناخۆش دروست دەكات. بۆیە خۆزگە حكومەت جێگایەكی پاك و شیاوتری بۆ دابین دەكردین.
سالار شێركۆ، لەهەمان بازاڕ وەك خاوەن دوكانێك لەبارەی جەنجاڵی بازاڕەكەوە وتی: بازارەكە بە پاشماوەی پەلەوەر و ئاژەڵ زۆر پیس دەبێت و ئاستەنگی هاتوچۆش دروست دەبێت، بەڵام ئێمەی دوكانداری بازارەكە هیچ دەسەڵاتێكمان نییە، ئەو كێشەیە دەبێت ئیدارەی شارەكە چارەسەری بكات، تاكو ئێستا هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە نەنراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: بازاڕەكە ماوەی چەند ساڵێكە بەمجۆرە قەرەباڵغ بووە، شەقامە سەرەكییەكەش زۆر پیس دەبێت و كرێكارانی شارەوانی دێن پاكی دەكەنەوە، بەمەش كاریگەریی ئەو پیسی و پاشماوانە لەسەر دوكاندارانی و كاسبكارانی دەورووبەریشی دەبێت.
بۆ بەدواداچون لەبارەی گرفتی بازاڕی پەلەوەر لە شاری هەولێر، ئەندازیار بەختیار محەمەد، لێپرسراوی هۆبەی خزمەتگوزاری لە بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاریی ژینگە پارێزی سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە بەرنامەیەكمان بۆ پاككردنەوەی رۆژانەی بازارەكە داناوە، بەڵام بۆ رۆژانی هەینی بەهۆی قەرەباڵغییە زۆرەكەیەوە، هەموو رۆژانی پێنج شەممەیەک بە تەنكەری ئاو دەیشۆین، بۆئەوەی ژینگەیەكی پاك بۆ رۆژانی هەینی دروست بكەین.
راشیگەیاند: بەهەمانشێوە رۆژانی هەینی لە دوای داخستنی بازارەكە لە كاتی ئێواراندا، دەستدەكرێت بە پاككردنەوە و جارێكی تر شۆردنی شوێنەكە بە ئامێر و شۆڤڵی بچووك و گەڵابە لەگەڵ ژمارەیەك كرێكار پاکی دەکەنەوە.
وتیشی: پاشماوەی بازارەكە لە رۆژانی هەینیدا نزیكەی 8 تۆن دەبێت، كە بەداخەوە هۆشیاری ژینگەیی بەشێك لەو كەسانەی لە رۆژانی هەینیدا سەردانی ئەو بازاڕە دەكەن كەمە، بۆیە نابەرپرسانە پاشماوەكانیان لەسەر زەوی فرێدەدەن، كە هۆكارێكە بۆ دروستبوونی مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و تەنانەت بۆ پەلەوەر و ئاژەڵەكانی بازاڕەكە.
سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو بازارە بۆ شوێنێكی تر و دروستكردنیی بازارێكی مۆدێرن و گونجاو بۆی، پەیوەندیمان بە پارێزگاری هەولێر و سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێرەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەداینەوە.