قەزای كۆیە لەڕووی تەندروستییەوە چەندین گرفتی هەیە

10:48 - 2025-05-28
دووتوێ
24 جار خوێندراوەتەوە

ئا: هێدی گەڵاڵی

بەو پێیەی قەزای كۆیە سنوورێكی بەرفراوانی هەیە و ژمارەی دانیشتوانی لە زیادبووندایە، كەچی وەكو پێویست ئەو سنوورە لەڕووی تەندروستییەوە ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە. بەوتەی بەشێك لە دانیشتوانەكەی لەڕووی تەندروستییەوە بایەخی پێ نەدراوە، هۆكارەكەی بۆ خەمساردی وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی تەندروستی هەولێر دەگەڕێننەوە.
عارف سەلیم، یەكێكە لە هاووڵاتیانی قەزای كۆیە هاوكات كەمئەندامی سەنگەرە دەڵێت: هەرچەندە نەخۆشخانەی شەهید دكتۆر خالید پزیشك و كارمەندەكانی لەڕووی مرۆڤدۆستییەوە بەهانای نەخۆشەكانەوە هاتوون و درێغيیان نەكردووە، بەڵام لەڕووی ئامێری تیشكەوە كەموكوڕییان هەیە، نەخۆشی شارەكە دەبێت روو لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی بكات.
عەلی محەمەد یەكێكی ترە لە دانیشتوانی سنووری قەزاكە دەڵێت: دەرمانی باش و پێویست لە نەخۆشخانەی شەهید دكتۆر خالید زۆر كەمە، ئاگاداریشم كە نەبوون و كەمی پێداویستی پزیشكی و داوودەرمان كەمتەرخەمی پزیشك و كارمەندەكانی ئەو نەخۆشخانەیە نییە، بەڵكو هۆكارەكەی سەرووی خۆیانە كە وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی تەندروستی هەولێرە، وای دەبینم نەك هەر لە بواری تەندروستی لە زۆربەی بوارەكانی تردا كۆیە پەراوێز خراوە.
دكتۆر رێبین ئازاد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید دكتۆر خالید بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە لە نەخۆشخانەی شەهید دكتۆر خالید بەوپەڕی توانامانەوە خزمەت بە نەخۆش و چارەخوازان دەكەین، بەڵام تاكە شتێك كە نەتوانین چارەسەری تەواو و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان پێشكەش بكەین، كەمی سەرچاوەی مرۆیی و ئامێرە پزیشكییەكانن.
وتیشی: نەخۆشخانەكەمان لە زۆرێك لە ئامێرە پزیشكییەكان بێبەشە، جگە لە نەبوونی ئامێرەكانی تایبەت بەچاو، ئامێری پەیوەست بە شكان و ئێسک، ئامێری نازوور و گەدە و كۆڵۆن و شكانی بەردی گورچیلە، هەروەها پێداویستی ئامێری شەویلاگ، ئامێرەكانی (CTscan و MRI)، كە دوو ئامێری تیشكن بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار لە نەخۆشخانەكەماندا نییە.
پێشیوایە: بەهۆی نەبوونی ئەو دوو ئامێرەوە، ناچار نەخۆشەكانمان روو لە نەخۆشخانەكانی هەولێر و سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەكەن. لە ئێستاشدا داوای ئامێرێكی CT سكانمان كردووە و لە تەندەردایە و چاوەڕوانین بۆمان دابین بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەڕووی دەرمانیشەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەمانەوە بەو بودجەیەی كە تەرخانكراوە پێداویستی دەرمان دابین دەكرێت، بەڵام لە ئاست چاوەڕوانی ئێمە و دانیشتووانی قەزاكەدا نییە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دكتۆر خالید لە كۆیە راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی ساڵانە كارمەندێکی زۆر خانەنشین دەبن، كەس نییە جێیان پڕ بكاتەوە، بەجۆرێك ماوەی 10 ساڵە دامەزراندنی کارمەندی تەندروستی لە قەزاكە وەستاوە.
روونیشیكردەوە: هاوكات گرفتی كەمیی پزیشكی پسپۆڕ لە سەرجەم بەشەكانی نەخۆشخانەكەمان هەیە، بە تایبەتی پزیشكی پسپۆڕ لە نەشتەرگەریی مێشك و دەمار و دڵ و جوانكاریی و پزیشكی نەشتەرگەریی منداڵان. هەروەها نەبوونی یەكەی چاودێری چڕ و نەبوونی بەشی منداڵە نەبەكامەكان و خانەیەكی گونجاو تایبەت بە پزیشكان گرفتی تری نەخۆشخانەكەمانە، بۆیە داواكارین هەموو ئەو كێشە و گرفتانەمان بۆ چارەسەر بكەن.
لەلایەن خۆیەوە دكتۆر محەمەد فەرمان بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كۆیە پێیڕاگەیاندین: بەهۆی ئەوەی هەڵكەوتەی كۆیە لە نێوان دوو سنووری جیاوازی بەڕێوەبردندایە، وایكردووە كاریگەریی زۆر لەسەر قەزای كۆیە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە جێبهێڵێت، بە تایبەتیش كاریگەریی زۆر لەسەر سێكتەری تەندروستی دروستكردووە.
وتیشی: خزمەتكردن بە توانای مرۆیی و دارایی دەكرێت، لەو رووەشەوە كەس لەڕووی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانەوە ئاوڕی جددی لە قەزای كۆیە نەداوەتەوە و فەرامۆش كراوە. لەگەڵ ئەوەش بە توانا و ماندووبوونی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، توانراوە تاقیگەی ناوەندیی و سەنتەری شوشتنەوەی گورچیلە بكرێتەوە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان