جووتیارانی هەولێر داوای قەرەبووكردنەوە دەكەن

10:55 - 2025-05-28
دووتوێ
26 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردستانی نوێ، هەولێر



لەئەنجامی هەڵكردنی بایەكی بەهێز و رووداوی ئاگركەوتنەوە، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا، ئاگر لە بەشێك لە دەغڵ و دانی جووتیارانی سنووری هەردوو ناحیەی شەمامك و قوشتەپەی هەولێر كەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی بەگەنم چێندراو سووتان و زیانێكی زۆر بەر جووتیاران كەوت.
كامەران حەمید یەكێكە لەو جووتیارانەی كە زیانی لەو رووداوە بەركەوتووە پێیڕاگەیاندین: زیاتر لە 30 دۆنم زەویم سووتاوە، لەگەڵ ئامێرەكانی رشاندن، كە سەرجەمی بە قەرز دابینم كردووە، هەروەها بەهۆی ئەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكەم بەكرێ گرتووە، بۆیە قەبارەی زیانەكەم زۆرە، بەجۆرێك كە ناتوانم قەرزەكانم بدەمەوە.
وتیشی: راستە تیمەكانی ئاگركوژێنەوە هاتن، بەڵام دوای ئەوەی زۆربەی زەوییەكان سووتان ئینجا گەیشتن، هەروەها ئەگەر هەوڵ و هیمەتی جووتیاران و خاوەن زەوییەكان نەبوایە، زیانی ئاگرەكە زۆر زیاتر دەبوو.
سەعید ئەكرەم جووتیارێكی دیكەی سنوورەكە دەڵێت: لەماوەی تەنیا 10 خولەك ئاگرەكە گەیشتە سەرمان و لەماوەیەكی زۆر كەمدا سەرجەم دەغڵ و دانەكان كە شوێنێ 100 دۆنم بوو سوتا، ئەمە جگە لە ئامێرەكانی ئاودان و مەڕوماڵات، كە مەزندە دەكرێت زیانەكان بگاتە 250 هەزار دۆلار (25 دەفتەر).
وتیشی: ئەو زیانەی بەرمان كەوتووە كارەساتە و بە ئاسانی قەرەبوو ناكرێتەوە، بەڵام بۆئەوەی رووداوی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە، پێویستە هۆكارەكانی ئاگر كەوتنەوە كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەتایبەتی ئەو كاتانەی وەرزی دروێنە نزیك دەبێتەوە، چونكە تەنیا هەفتەیەك مابوو ئێمە دەست بە دروێنە بكەین، ئەم كارەساتە روویدا.
نامیق یونس وەك جووتیارێكی دیكەی ناوچەكە لە گوندی سۆربەش سەر بە ناحیەی شەمامك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هۆكاری سەرەكی سووتانی گەنمی جووتیارانی ئەمساڵ كە شەوی هەینی لەسەر شەممەی رابردوو روویدا، بەهۆی هەڵكرتنی بایەكی بەهێز بوو، بەهۆیەوە شۆڕتی كارەبا دروست بوو و ئەو كارەساتەی لێكەوتەوە.
وتیشی: هەرچەندە تیمەكانی بەرگریی شارستانی ئەركی خۆیان جێبەجێکرد، هەروەها هیچ دەستێكی ئەنقەست نەبوو لە ئاگركەوتنەوەكە، بەڵام ئێمە وەك جووتیارانی سنوورەكە، پێشتر كارگە و كۆمپانیا و وێستگەی كارەبای هەولێرمان ئاگاداركردبۆوە، كە لەكاتی هەر رووداوێكی سروشتی، ئەوان زوو كۆنتڕۆڵی كارەبا بكەن، تاكو كارەساتی لەو جۆرەی لێنەكەوێتەوە، بەڵام داواكارییەكەمان بەهەند وەرنەگیرا.
ئەو جووتیارە ئاماژەی بەوەشكرد: سووتانی ئەو رووبەرە زۆرە لە زەوی جووتیاران زیانێكی زۆر بە جووتیاران دەگەیەنێت، چونكە بەهۆی وشكەساڵی و كەمی رێژەی بارانبارین، هەموو بەرهەمەكان لەڕێگەی پڕۆژەی ئاودێرییەوە پێگەیشتووە، ئەمەش خەرجییەكی زۆر زیاتری پێویستە، بەراورد بە كشتوكاڵی دێمی، راشیگەیاند: پێویستە حكومەت قەرەبووی ئەو جووتیارانە بكاتەوە، كە لەو رووداوە زەرەرمەند بوون، هەرچەندە لە رابردوودا جووتیاران قەرەبووی سووتانی بەرهەمەكانیان وەرنەگرتووە، بەڵام بۆ ئەمجارە زۆر پێویستە، چونكە رێژەكە زۆرە، ئەگەر قەرەبوو نەكرێنەوە، ناتوانن بۆ ساڵی داهاتوو كاری كشتوكاڵ بكەنەوە.
خالید یوسف جووتیارێكی دیكەی سنووری هەولێرە لە ناحیەی قوشتەپە پێیوتین: ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە هیچ كەسێك لەو رووداوە گیانی لەدەست نەداوە، زیانەكان تەنیا دەغڵ و دانەكە بووە، جگەلەوەش جووتیاران ئامێری رشاندن (مەڕەششە) و پێداویستی دیكەی كشتوكاڵییان لەنێو زەوییەكاندا سووتاوە، بەمەش زیانەكانیان زیاتر دەبێت.
راشیگەیاند: داوامان كردووە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێندرێت بۆ دیاریكردنی هۆكاری ئاگرەكە و دەستنیشانكردنی زیانەكان، بەو ئامانجەی قەرەبووی جووتیاران بكرێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە حسێن محەمەد سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی جووتیارانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: سووتانی دەغڵ و دانی جووتیاران لەم كاتانە هەموومانی نیگەران كردووە، چونكە ماوەیەكی كەمی ماوە دەست بە دروێنە بكرێت و جووتیاران رەنجی ساڵێك كاركردن و هەوڵ و كۆششەكانیان ببین.
وتیشی: دەتوانم بڵێم سووتانی ئەمجارەی زەوی كشتوكاڵی لە سنووری هەولێر، زیاتر سروشتی بوو و لە ئەنجامی هەڵكردنی رەشەبایەكی بەهێز روویدا، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە رێوشوێنی پێویست و باشتر بگیرێتەبەر، بەتایبەتی لەڕووی كارەبا و ئامێرەكانی گەیاندنەوە، تا لە رووداوی لەو جۆرەدا كەمترین زیان بەر جووتیاران بكەوێت.
باسی لەوەشكرد: ئێمە وەك یەكێتیی جووتیاران پاڵپشتی لە خاوەن زەوییەكان دەكەین، ئەوانەی لەو رووداوە زەرەرمەندبوون، لەلایەن حكومەتەوە قەرەبوو بكرێنەوە، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەكی بەهێز بۆ بەروبوومی كشتوكاڵی و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان