نەبوونی خوێندنگەی بنەڕەتی و ئامادەیی، گرفتی لە گەڕەكێكی قەزای دەشتی هەولێر دروست كردووە

10:57 - 2025-05-28
دووتوێ
24 جار خوێندراوەتەوە
گەڕەکی گەڕەسۆر، لە چەندین خزمەتگوزاری بێبەشن

ئا: هێدی گەڵاڵی


گەڕەسۆر، یەكێكە لەو گەڕەكە نوێیە لە ناوەندی قەزای دەشتی هەولێر (بنەسڵاوە)، لە چەندین خزمەتگوزاری بێبەشن، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە پەروەردە و خوێندنەوە هەیە، لەو بارەیەوە دانیشتوانەكەی داواكارییان لە لایەنی پەیوەندیداری قەزاكە هەیە، بۆ دروستكردنی خوێندنگەیەك و بایەخدانی زیاتر بە خوێندن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانی دیكە بۆ ئەو گەڕەكە.
بەدران حەیدەر یەكێكە لە دانیشتوانی گەڕەکەکە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: گەڕەكەكەمان گەورەترین و بەرفراوانترین گەڕەكە و نزیكەی سێ هەزار ماڵ دەبێت، ئەو خانوانەی ئێمە تێیدا نیشەجێین زەوییەكانی گوندێك بووە بەناوی گەڕەسۆر، هەر بۆیە ئەو گەڕەكە نوێیەش بەناوی ئەو گوندەوە ناونراوە.
وتیشی: یەكێك لە گرفتەكانی ئەم گەڕەكە گەورەیە، نەبوونی خوێندگەیەكی بنەڕەتی و ئامادەییە، كە پێشتر تەنیا خانوویەكی بچووك وەك خوێندنگە بەكاردەهێندرا، بەڵام ئەوە بۆ گەڕەكێك دانیشتوانەكەی لە سێ هەزار كەس زیاتر بێت، گونجاو نییە و ناتوانرێت پێی بوترێت خوێندنگە.
مەردان پاڵانی هاووڵاتییەكی دیكەی ئەو گەڕەكە، دەڵێت: بەهۆی نەبوونی خوێندنگەوە لە گەڕەكەكەماندا، ئێمە ناچارین منداڵەكانمان رەوانەی شوێنێكی دوورتر بكەین، لە ناوەندی قەزای دەشتی هەولێر یان بنەسڵاوە، ئەمەش لە كاتێكدا كێشەی هاتوچۆی هەیە و بەشێكی زۆر لە رێگەكان قیرتاو نەكراون.
دەشڵێت: جگە لە خوێندنگە و گرفتی هاتوچۆی خوێندكارانمان، لەڕووی ژینگەوە كەمترین رێژەی سەوزایی و دار و درەختی لێیە، ئەمەش وایكردووە تەپ و تۆزێكی زۆر هەبێت کە خەڵكی بێزار و هەراسان کردووە، بۆیە داواكارم لایەنی پەیوەندیدار لە قەزای دەشتی هەولێر بە هانامانەوە بێن.
محەمەد عەبدوڵڵا وەك یەكێك لە مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتی لە سنووری قەزاكەش دەڵێت: هاوڕای دانیشتووانی گەڕەكی گەڕەسۆرم بەهۆی نەبوونی بینای خوێندنگە، خوێندكارەكانیان دەنێرنە خوێندنگەكانی ناوەندی قەزاكە و شاری نیشتەجێبوونی ئاوێنەی شار، ئەو گەڕەكە نەوەك تەنیا خوێندنگەی لێ نییە، بەڵكو باخچەی ساوایانیشیان نییە، پێشیوابوو: بوونی خوێندنگەی گونجاو و سەردەمییانە بۆ خوێندكاران، هۆكارێكە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروست بۆ داهاتوو، بەتایبەتی لە قۆناغەكانی ئامادەیی و بنەڕەتی، كە سەرەتای دەستپێكی خوێندنە، ناكرێت بە كەموكووڕی دەست پێبكات و خوێندكاران ژینگەیەكی لەباریان نەبێت بۆ خوێندن. 
بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو بابەتە سابیر حەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە لە قەزای دەشتی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: گەڕەسۆر گەڕەكێكی فراوانە لە قەزاكە و ژمارەی دانیشتوانەكەی لە زیادبووندایە، هەر بۆیە ژمارەی خوێندكارەكانی بەپێی زیادبوونی خێزانەكان زیاد بووە.
وتیشی: ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی بنەسڵاوە دەرگامان واڵایە، بۆئەوەی گوێ لە داواكاریەكانییان بگرین، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە دانیشتووانی ئەو گەڕەكە دەكەین، سەردانمان بكەن و داواكاریەكمان ئاڕاستە بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەركاتێك داواكارییەكانمان بە دەست بگات، ئێمەش بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری پەروەردە بەرزی دەكەینەوە و كاری 
پێویستی بۆ دەكەین.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان