رزگار سیان
ساڵی 2002 كە هاوكات بوو لەگەل گەڕانەوەی مەڵبەندی 3 بۆ هەولێر، چانسی ئەوەمان هەبوو كە بە هاوڕێیەتی كۆمەڵێك خوێندكار و لاوی شاری هەولێر، سەردانی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی بكەین، دیدارێك كە لەڕێگەی مامۆستا سەیفەدینەوە رێكخرابوو. ئەو دیدارە زیاتر چاوپێكەوتنێكی ئاسایی بوو، چونكە بوو بە بەردی بناغە بۆ بیرۆكەیەكی گرنگ، كە دواتر كاریگەریی زۆری لەسەر ژیانی گەنجانی كوردستان دروستكرد.
لە میانی ئەو دیدارە گرنگەدا، پێشنیازم كرد كە سەنتەرێك بۆ گەنجان و لاوان بكرێتەوە بەناوی «سەنتەری گەنجان». ئەم بیرۆكەیە لەلایەن هەموو ئامادەبووانەوە پشتگیری كرا و كاك كۆسرەت بەشێوەیەكی ئەرێنی وەریگرت. وەڵامەكەی روون و كردەیی بوو، پێی وتین، (بیكەنە پڕۆژە و بە دەستی مامۆستا سەیفەدین بگاتە دەستم، هەروەها لەگەڵ بەڕێز هێرۆ خانیش قسە دەكەم بۆ پێشنیازەكەتان).
ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەم دیدارە هاوكات بوو لەگەڵ بەرنامەی ستراتیژی یەكێتی بۆ یەكخستنی رێكخراوەكانی خوێندكاران و لاوان. لە دیداری دووەمدا، بڕیاردرا كە ئەم رێكخراوانە یەك بخرێن و ببنە «سەنتەری گەنجان». ئەمەش نیشانەی گرنگی بیرۆكەكەمان بوو لەگەڵ بیركردنەوەی ستراتیژی سەركردایەتی یەكێتی لەو سەردەمەدا.
ئەم بیرەوەرییە رەنگدانەوەی قۆناغێكی گرنگە لە مێژووی گەشەسەندنی رێكخراوەکانی گەنجانە لە كوردستان. پێشنیازێكی سادە بوو كە لە دیدارێكدا خرایەڕوو، بوو بە بەشێك لە گۆڕانكارییەكی گەورە لە بونیادی رێكخراوەیی و خزمەتگوزاریی بۆ گەنجان، دواتر ئەم بیرۆكەیە گەشەی كرد و بوو بە پڕۆژەیەكی سەركەوتوو كە كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیانی بەهرەمەندان هەبوو.
ئەمڕۆ، كاتێك سەیری رابردوو دەكەین، دەبینین كە چۆن بیرۆكەیەكی بچووك، بە پشتگیری سەركردە بەرپرسیارەكان، دەتوانێت ببێتە واقیعێكی گرنگ، كە خزمەتی كۆمەڵگە دەكات. ئەمەش بایەخی بەشداریی گەنجان و خوێندكاران لە پرۆسەی بڕیاردان و گەشەپێدانی كۆمەڵگە دەردەخات.