لەگەڵ ئەوەی کە زەنکی وشکەساڵی لێدراوە و رێژەی ئاو بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام ئەمە وای نەکردووە کە هاوڵاتیان پشت لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بکەن و ساڵانە بە بەرهەمی هەمەجۆری کشتوکاڵ لە دەڤەری راپەڕین پەرەیپێدەدەن.
لەم بارەیەوە ئەندازیار خالید ئەحمەد حەکیم، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی راپەرین، بە کوردسانی نوێ-ی راپەرینی راگەیاند: دەڤەری پشدەر و بیتوێن ئاو و هەوایەکی زۆر گونجاوی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و جۆرەکانی میوە و دانانی خانووی پلاستیکی و بەرهەمهێنانی سەوزەکان و بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی راپەرین ووتیشی: ساڵانە رووبەری « 158000»، دۆنم زەوی بە گەنم دادەچێنرێت، کە بەرهەمەکەی دەکاتە «55000»، تەن دەخەمڵێنرێت، بە گوێرەی کەش و هەوا، کە بەرهەمێکی زستانەیە.
ئاماژەی بەوەشدا: گوڵە بەرۆژە کە بەرهەمێکی پایزە و بەهارییە ساڵانە «1200 بۆ 1500»، دۆنم زەوی پێ دادەچێنرێت، بەپێی کەشوهەوا، کە بەرهەمەکەی دەگاتە «800» تەن.
هەروەها برنج ساڵانە «700»، دۆنم زەوی دادەچێنرێت، لە جۆری برنجی سەدری و عەنبر، کەشێوەی چەڵتووک و شەتڵ دەچێنرێت، بەرهەمەکەشی دەگاتە «300» تەن.
خالید ئەحمەد وتیشی: کونجی ساڵانە سەرووی «300» دۆنم زەوی پێ دادەچێنرێژ و بەرهەمەکەی دەگاتە «45» تەن.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی راپەرین، ئامارێکی دڵخۆشکەریشی خستەڕوو کە لە بواری وەبەرهێناندا کشتوکاڵ لە سنووری ئیدارەی راپەرین، پێشەنگە لە ئاستی کوردستانیش لە کەرتی پەلەوەریی و دەواجین، هەنگەوانی، ئاژەڵداری لەپلەی یەکەمدایە.
ئاشکراشیکرد کە هاوڵاتیان مۆڵەت بۆ پڕۆژەی دەواجین و ماسی و خانووی پلاستیکی و نووسینگەی کشتوکاڵی وەردەگرن.
گرفتەکانمان لە بواری یاساکانی زەوی زارە، کە پێویستە یاساکان هەموار بکرێتەوە، نەبوونی هاوکاری و قەرزی بچووک بۆ جوتیاران، تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ بوارەکانی کشتوکاڵ و پەلەوەری و ئاژەڵداری و ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکان.
لەکۆتاییشدا بەرنامە و پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاشکراکرد کە دەیانەوێت هەماهەنگی بۆ جوتیاران دروستبکەن لەگەڵ کونسوڵخانەکان و دانانی بەرنامە بۆ پێدانی رێنمایی و کردنەوەی خولی جۆراوجۆر، و بەبازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.
رێباز مام شۆرش