چەند ساڵێک پێش ئێستا پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی هەندێک لە شەقامەکانی ناحیەی سەنگەسەر بە گوژمەی «300» ملیۆن دینار کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کاری پێویست لە بەشێکی پڕۆژەکەدا ئەنجامدرا، دواتر بەهۆی خەرجنەکردنی پارەی پێویستەوە تا ئێستا تەواو نەکراون.
لەم بارەیەوە «دلێر ئیسماعیل» سەرۆکی شارەوانیی سەنگەسەر بە کوردستانی نوێ-ی راپەرینی راگەیاند، هۆکاری تەواونەکردنی شەقامەکان دەگەڕێتەوە بۆ خەرجنەکردنی پارەی کۆمپانیای «راکانی نوێ».
وتیشی، لەکۆی «300» ملیۆن دیناری پڕۆژەکە، تەنها «50» ملیۆنی بۆ خەرجکراوە، ئەوانیش کارەکەیان بە تەواونەکراوی جێهێشتووە.
دلێر ئیسماعیل وتیشی: سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بەڵێنی چارەسەرکردنی گرفتەکەی پێداوین و هەوڵدەدرێت لە نزیکترین کاتدا دەست بە تەواوکردنیان بکرێتەوە. مایەی خۆشحاڵیشە کە ئێستا کارکردن لە بەشێک لەو پرۆژانە دەستیپێکردووەتەوە.
بەدواداچوونی : کوردستانی نوێ-ی راپەڕین