زۆرێک لە رووداوەکانی ئاگر هۆکارەکانی بریتین لە دەستی مرۆڤ جا چ ئەنقەست بێ یان بەهۆکاری رق و کینە یان هەر هۆکارێکی تر کە زیان بگەیەنێت بە سەروماڵی هاوڵاتیان و سووتانی پوش و پاوان و رەز و باخ، هەمووشمان دەزانین لەم وەرزەدا، پلەکانی گەرما بەرزدەبێتەوە بەشێوەیەک کە بگاتە ئاستی ئەوەی رووداوەکان زیاتر تەشەنەبکات.
بەداخەوە هەندێجار ئامێرە کشتوکاڵییەکان هۆکارن بۆ دروستبوونی رووداوەکانی ئاگر، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی ئامێرەکانی دروێنە هیچ مەرج و رێنماییەکی بەرگری شارستانی تێدانییە یان ئامێرەکان کۆن بوون و بە کەڵکی
دروێنە نایەن.
هەربۆیە لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی بە بەردەوامی سەردانیان دەکەن تا ئەو مەرجانەیان بەسەردا بسەپێنن کە سەلامەتیی کێڵگە کشتوکاڵییەکان گەرەنتی دەکەن، هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت رووداوەکانی ئاگر کەم ببنەوە، پێویستە ئامێرەکانی کار بە دروستی بەکاربهێنرێن و لێکخشاندن روونەدات کە دەبێتە ماکی دروستبوونی پڕیشکی ئاگر و سەرنجام کارەسات روودەدات.
فڕێدانی جگەرە یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئاگر کە لەلایەن شۆفێرەکان یان سەرنیشنەکان لەکاتی رۆیشتنیان لە شەقامەکاندا بەبێ گوێپێدان بەوەی کە رەنگە ئەو جگەرەیە لەناو شەقامەکە نەمێنێتەوە و بەهۆی هەڵکردنی بایەکی بەهێزەوە بچێتە قەراغ شەقامەکانەوە و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر کە چەندین دۆنم زەوی و دەغڵودان بسووتێت.
دیارە ئاگریش لە سەرەتادا لە رێژەیەکی کەمەوە زیاد دەکات بۆ رێژەیەکی زۆر، لە ئان و ساتێکدا هێندە بە خێرایی تەشەنەی کردووە کە کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم بووە.
یەکیک لەهۆکارەکانی تر ئەوەیە کە هاوڵاتیان دەچنە سەیرانگە و گەشت و سەیران و ئاگر هەڵدەکەن کە بەداخەوە لە دوای خۆیان پاشماوەی ئاگرەکە جێدەهێلن، هەربۆیە پێویستە لەدوای بەکارهێنان سەرچاوەی ئاگرەکە بەباشی بکوژێننەوە کەساڵانە بەهۆی ئەو کەمتەرخەمییە کارەساتی گەورە روودەدەن، بۆیە پێویستە وریابن لەسەلامەتی خۆیان و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان.
بەو ئومێدەین کە ئەمساڵ کەمترین رووداوی ئاگرکردنەوە لە ناوچەکەمان هەبن و هەموو لایەکمان ساغ و تەندروست بین
*وتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین